مباپێى: زۆر شت لە میسی و رۆناڵدۆ فێربووم

هه‌ولێر – نۆرس پرێس

کیلیان مباپێى هێرشبەرى یانه‌ی پاریس سان جێرمان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەى لاگازێتا دیللۆ سپۆرتى ئیتاڵى رایگه‌یاند، “داواى رۆشتنم لە پاریس نەکردووە و پەیوەندیش بە ریاڵ مەدریدەوە ناكه‌م”.

مباپێ ڕاشیگه‌یاند “من تەنیا بە یانەکەمم وت گرێبەستەکەم نوێناکەمەوە و هەرگیز گفتوگۆمان لەسەر نوێکردنەوەى نەکردووە، بەڵام دڵخۆشم بە بەردەوامبوونم له‌م یانه‌یه‌ بۆ وەرزى داهاتوو”.

مباپێ باسی له‌وه‌شكرد، كه‌ دەیەوێت بردنەوە بەدەستبهێنێت، بەڵام لە پاریس، هەندێک کەموکوڕى هەیە، ئەمەش زوو یان درەنگ بە پارەدان کۆتایى دێت، تا هەموو وەرزێک لە هەڵەکانیاوە فێربن و هەموو جارێک هەمان هەڵە دووبارە نەکەنەوە.

مباپێ پێیوایە رۆشتنى یاریزانێکى وەک میسى لە یانەکەیان هەواڵێکى باش نییە و تێناگات بۆچى زۆربەى کەسەکان بە رۆشتنى ئاسودەبوون، کە ئێستا قسە لەسەر باشترین یاریزانى مێژووى تۆپى پێ دەکەن.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت “هەلى ئەوەم بۆ درووسبوو بەرامبەر ڕۆناڵدۆ و لە تەنیشت میسى یارى بکەم، ئەوان بەڕاستى تایبەتبوون، زۆر شتیان لێوە فێربووم، بەتایبەت لە میسى لەم دوو وەرزەى رابردوودا، مێژووی تۆپى پێیان نوسیەوە و بە نەمرى تێیدا دەمێننەوە”.