تورکیا ناوچەیەکی گوندەواری حەڵەبی بۆردوومان کرد و گیانلەدەستدان و برینداری لێکەوتەوە
گوندەواری حەڵەب – نۆرس پرێس
لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا، بەهۆی تۆپبارانەکانی تورکیاوە کە چەند خاڵێکی حکومەتی سوریای لە گوندەواری باکووری حەڵەب کردە ئامانج، چوار ئەندامی هێزەکانی حکومەتی سوریا کوژران و پێنجی دیکەش برینداربوون.
سەرچاوەیەکی سەربازی تایبەت بە نۆرس پرێسی راگەیاند، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ درۆنێکی تورکیا خاڵێکی حکومی لە گوندی “بینە” لە ناحیەی “شێراوا”ی گوندەواری حەڵەب کردە ئامانج و بەهۆیەوە دوو سەرباز کوژران و برینداربوون.
ئاماژەیان بەوەشکرد، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە سێ کارمەندی حکومەت بەهۆی تۆپبارانی تۆپخانەکانی تورکیاوە کوژراون کە ناوچەکەیان لە گوندی “ئاقیبە”ی سەر بە گوندەواری باکووری حەڵەب کردە ئامانج.
درەنگانی ئێوارەی رۆژی سێشەممە، چوار کارمەندی حکومی بەهۆی تۆپبارانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تۆپخانەی تورکیاوە برینداربوون، کە گوندی “شاوەرگە”یان لە ناحیەی “شەرا” لە گوندەواری باکووری حەڵەب و دەوروبەری شارۆچکەی تل رەفعەتیان کردە ئامانج.
چەند کاتژمێرێک پێشتر بۆردومانێکی تورکیا دەوروبەری بنکەیەکی سەربازی رووسیای لە گوندی ئەلوەحشییە، کردە ئامانج.
دوو رۆژ لەمەوبەر سەربازێکی رووسی کوژرا و سێی کەسی دیکەش برینداربوون، کە درۆنێکی تورکیا ئۆتۆمبێلێکی گواستنەوەی سەربازانی رووسیایان کردە ئامانج لەسەر رێگای نێوان گوندەکانی حەربەل – ئوم حۆش لە گوندەواری باکووری حەڵەب.