ئێنگۆلۆ کانتێ چووە یانەکەی بێنزیما

هەولێر – نۆرس پرێس

یانەی ئیتیحادی سعودی توانی لە دوای کەریم بێنزیما، گرێبەست لەگەڵ ئەستێرەیەکی دیکەی فەرەنسی ئەنجامبدات، ئەویش ئەستێرەی یانەی چێلسی ئینگلیزی ئێنگۆلۆ کانتێ یە.

رۆژنامەنوسی ئیتاڵی فابریزیۆ رۆمانۆ بڵاویکردەوە، کانتێ پەیوەندی بە یانەی ئیتیحادی سعودیەوە کرد و گرێبەستەکەی لەگەڵیاندا واژۆ کردووە.

هەفتەی رابردوو رێککەوتن لەنێوان هەردوولادا کراوە و پشکنینی یەکەمی پزیشکی بۆ یاریزانەکە ئەنجامدراون، بەڵام هێشتا چاوەڕێی واژۆی یاریزانەکە و بەڕێوەبەری کارەکانی یاریزانەکە دەکرێت.

بەگوێرەی قسەکانی رۆمانۆ، کانتێ بە گرێبەستێکی ئازاد پەیوەندی بە ئیتیحادەوە کردووە، گرێبەستەکەی بۆ ماوەی دوو وەرز دەبێت بە مووچەی ساڵانەی 100 ملیۆن یۆرۆ.

کانتی بە درێسی بلوز 269 یاری کردووە، خاوەنی 13 گۆڵ و 16 ئەسیستە بۆ یانەکە، لەگەڵ یانەکە یەکجار بووەتە پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ، یۆرۆپالیگ، پرێمەرلیگ، جامی جیهانی یانەکان، جامی سوپەری ئەوروپا و جامی یەکێتی ئینگلتەرای بەدەستهێناوە.

ئێنگۆلۆ کانتێ لەدایکبووی 29 ئازاری 1991، لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا مۆندیالی 2018ی بەدەستهێنا.