بەڕێوبەری خۆسەری بۆ نۆرس پرێس: ژنانی رێکخراوی داعش دادگایی ناکەین

قامشلۆ– نۆرس پرێس

ئەمڕۆ سێشەممە، بەرپرسێکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوبەری خۆسەری بە نۆرس پرێسی راگەیاند، دادگایی ژنانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) ناکرێت، ئەمەش لە چوارچێوەی بڕیارەکەی خۆسەری بۆ دەستپێکردنی لێپێچینەوە و دادگاییکردنی ئەندامانی بیانیی ئەو رێکخراوە توندڕەوە.

شەممەی رابردوو، بەڕێوبەری خۆسەری بڕیاریدا ئەو ئەندمانەی “داعش” دادگایی بکات کە لە دەستبەسەرخانەکانیاندا ماونەتەوە.

خالد ئیبراهیم، ​​ئەندامی دەستەی کارگێڕی لە بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوبەری خۆسەری رایگەیاند، “پلانێک نییە بۆ دادگاییکردنی ژنان لە کامپەکاندا، چونکە ئێمە ئەوان لەگەڵ منداڵەکانیان، بە قوربانی ئەم شەڕە بێمانایە دەزانین”.

بە گوتەی ئیبراهیم، ​​دادگاییکردنەکان “لەوانەیە لە چەند رۆژی داهاتوودا دەست پێبکات” و”بەم زووانە” ئەنجومەنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی رۆژئاوای کوردستان راگەێنراوێک لەسەر وردەکارییەکانی ئەو بابەتە بڵاودەکاتەوە.

زیاتر لە 10 هەزار ئەندامی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە لای بەڕێوبەری خۆسەر دەستبەسەرن، کە زیاتر لە 60 نەتەوە پێکهاتوون.

ئیبراهیم پێی وایە ئەم دۆسیەیە “زۆر گرنگ و هەستیارە”، ناتوانرێت بەشێوەیەکی هەمەلایەن ئەم رێکخراوە تیرۆریستییە لەناوببرێت، تەنها بە چالاککردنی  رێڕەوی دادوەری و ئابووری نەبێت  لە ناوچەکەدا.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە سزای لەسێدارەدان بەپێی گرێبەستی کۆمەڵایەتی بەڕێوبەری خۆسەری هەڵوەشاوەتەوە، رەنگە سزای بەشێک لە ئەندامانی رێکخراوەکە بگاتە ماوەی درێژخایەن، بەپێی تۆمەت و بەڵگەکانی دەزگای دادوەری بەڕێوبەری خۆسەری و شایەتەکان لە خەڵکی ناوچەکە و دانپێدانانی ئەندامان، بە گوتەی ئەو بەرپرسەی کاروباری دەرەوەی بەڕێوبەری خۆسەری.

ئامادەکردنی: جوان شکاکی – داڕشتنەوەی: عەگید مشمش