شانەی راگەیاندنی ئەمنی: پێنج “تیرۆریست”ـمان لە پارێزگاى سلێمانى دەستگیرکرد
سلێمانی – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ، پێنج شەممە، شانەی راگەیاندنی هێزە چەکدارەکانى عێراق رایانگەیاند، پێنج “تیرۆریست”ـیان لە پارێزگاى سلێمانى، هەرێمی کوردستانی عێراق، دەستگیرکردووە، کە لەلایەن دادگەى نەینەواوە بە گوێرەى یاسایى بنەبڕکردنى تیرۆر داواکراو بوون.
شانەکە لە روپەڕی فەرمی خۆیان وێنەی پێنج گیراوەکەیان بڵاوکروەتەوە و رایانگەیاندوە ” یەکەیەکى بەڕێوەبەرایەتیى هەواڵگری و ئاسایشى عێراق، پێنج “تیرۆریست”ـیان لە پارێزگاى سلێمانى دەستگیرکردووە کە پێشتر بەگوێرەى ماددەى 4ى یاسای بنەبڕکردنى تیرۆر لەلایەن دادگاى لێکۆڵینەوەى نەینەوا فەرمانى دەستگیرکردنیان هەبووە.”
هەر لە راگەێنراوەکەدا هاتووە کە ئۆپەراسێۆنەکە بە پشت بەستن بە زانیاری هەواڵگری و زۆر بە وردی لە لایەن یەکەکانی هەواڵگری و ئاسایشی سلێمانی، کە سەر بە دەزگای هەواڵگری عێراقن، ئەنجام دراوە.
هەروەک ئاماژە بەوەش دراوە کە دەزگای دژەتیرۆری سلێمانیش هاوکاریان بوون لەو ئۆپەراسیۆنەدا.