لیرەی تورکی بەردەوامە لە دابەزین

هەولێر- نۆرس پرێس

ئەمڕۆ نرخی لیرەی تورکی زۆر دابەزی، لە کاتێکدا وەبەرهێنەران چاوەڕوانی ئاماژەکان بوون بۆ هەنگاوەکانی سیاسەتی دراو دوای دەستنیشانکردنی سەرۆکی نوێی بانکی ناوەندی، کە پێشبینی دەکرێت رێژەی سود بەرزبکاتەوە.

ئەمڕۆ دوشەممە نرخی لیرە بەڕێژەی 1.3% دابەزی و گەیشتە 23.65 بەرامبەر دۆلار، دوای ئەوەی شەوی رابردوو نزمترین ئاستی خۆی تۆمارکرد کە 23.77 بەرامبەر دۆلار بوو، هەروەها دراوەکە ئەمساڵ زیاتر لە 21%ی بەهای خۆی لەدەستداوە.

رۆژی هەینی رابردوو رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیا، حەفیزە گای ئەرکان، کە پێشتر لە دامەزراوە داراییەکانی ئەمەریکا کاری دەکرد، وەک پارێزگاری بانکی ناوەندی تورکیا دەستنیشانکرد.