هەولێر – نۆرس پرێس
رۆژی دووشەممە چوار هاووڵاتی دیکەی خەڵکی شاری پیرانشار لە ئێران دەستگیرکران، کە بە ناوەکانی عەبدولڕەحمان قەیتەران، سەدرەدین قەیتەران، خزر محەمەدپوور و حەبیب خۆشنوود بوون، بەو هۆیەوە ژمارەی دەستگیرکراوانی ئەم شارە گەیشتە شەش کەس.
بەپێی رێکخراوی هەنگاو بۆ مافی مرۆڤ، ڕۆژی یەکشەممە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار لە ئێران هەڵیانکوتایە سەر گوندی “کانی مەلا”ی سەر بەو شارە، و دوو برایان بە ناوەکانی عەبدولڕەحمان و سەدرەدین قەیتەران دەستبەسەرکران.
هاوکات لەگەڵ شەپۆلی دەستبەسەرکردنی دانیشتووانی گوندی “کانی مەلا”ی پیرانشار، ڕۆژی یەکشەممەیش، خزر محەمەدپوور و حەبیب خۆشنوود لە گوندی “ئاشنوزەنگ”ی سەر بەو شارە دەستبەسەر کراون.
لە هەمان کاتدا جەمال ڕەسووڵزادە و محەمەد مەحمود فەقیە، دوو دانیشتووی گوندی “خۆرینج” سەر بە شاری پیرانشار دەستبەسەر کراون.
بەپێی چالاکانی سڤیل، ئەو هاوڵاتیانە بە شێوەیەکی دڕندانە و بەبێ هیچ بەڵگەیەکی دادوەری و یاسایی لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.
تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی کە دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییانە و هەروەها شوێنی ڕاگیران و چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە.