دیمەشق– نۆرس پرێس
ئەمڕۆ دووشەممە هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) گەورەترین مانۆڕی ئاسمانی سەربازی لە مێژووی 74 ساڵەی خۆیدا دەستپێدەکات، کە زیاتر لە 250 فڕۆکە و 10 هەزار کەس لە 25 وڵاتەوە بەشداری تێدا دەکەن.
ئەڵمانیا لە 12 تا 23ی حوزەیران میوانداری مانۆڕەکان دەکات، کە ئامانجی ئەوەیە تواناکانی رێگریکردن لە هاوپەیمانی ئەتڵەسی دژ بە رووسیا، هەروەها هاوکاری ستراتیژی نێوان ئەندامەکانی بەرزبکاتەوە.
ئەم مانۆڕە پێش کۆبوونەوەی لوتکەی ناتۆ دێت کە مانگی داهاتوو لە “ڤیلینسوس”ی پایتەختی لیتوانیا بەڕێوە بچێت، کە جارێکی دیکە تیشک دەخاتە سەر “رێگریکردن لە فراوانبوونی رووسیا” و پشتیوانیکردنی ئۆکرانیا و گفتوگۆکردن لەسەر پەیوەستبوونی ئەندامانی نوێ.
ئەو هێزانەی بەشداربوون لە مانۆڕەکەدا لە 29ی ئایارەوە دەستیان بە گەیشتن بە ئەوروپا کردووە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە راپۆرتە ڕۆژئاواییەکاندا هاتووە، ئەو مانۆڕانە بریتی دەبن لە بەشداریکردنی ژاپۆن، هاوپەیمانی ئاسیای نائەندام و سوید کە هەوڵدەدات هاوشێوەی فینلاند بچێتە ناو هاوپەیمانیێتیەکەوە.
جەنەڕاڵ ئینگۆ گێرهارتز لە هێزی ئاسمانی ئەڵمانیا کە هەماهەنگی ئەو مانۆڕانە دەکات، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا پێش مەشقەکە رایگەیاند، بەنیازن “ئەوە پیشان بدەن کە خاکی ناتۆ هێڵی سووری ئەوانە و ئامادەن بەرگری لێبکەن”.
نزیکەی 10 هەزار کەس بەشداری لەو مانۆڕانەدا دەکەن کە ئامانجیان بەرزکردنەوەی توانای کارکردنی هاوبەش و ئامادەیی بۆ پاراستن لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی کروز، لە ئەگەری هێرشکردنە سەر شارەکان، فڕۆکەخانەکان یان بەندەرەکانی دەریایی لە چوارچێوەی خاکی وڵاتانی هاوپەیمانیەکەدا.
باڵیۆزی ئەمریکا لە ئەڵمانیا، ئیمی گۆتمان، رایگەیاندووە، ئەو مانۆڕانە “بێ گومان چالاکی و خێرایی هێزە هاوپەیمانەکانمان” پیشان دەدەن و ئامانجیان ناردنی پەیامە بۆ وڵاتان لەنێویاندا رووسیا.