میقداد گەیشتە ڕیازی پایتەختی سعودیە
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕو یەکشەممە فەیسەڵ میقداد وەزیری دەرەوەی سوریا و شاندی یاوەری، گەیشتنە سعودیە بۆ بەشداریکردن لە دووەمین کۆبوونەوەی وەزاری وەڵاتانی عەرەبی لەگەڵ وڵاتانی دوورگەی زەریای هێمن.
سەردانەکەی میقداد بۆ ڕیازی پایتەختی سعودیە لەسەر بانگهێشتی فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی سعودیە دێت کە پێنجشەممەی ڕابردوو بەڕێوەچوو.
سەردانەکەی میقداد دوو ڕۆژ دەخایەنێت، بەو پێیەی کۆبوونەوەکە لە ڕۆژانی یەکشەممە و دووشەممە 11 و 12 حوزەیران، لە پایتەختی سعودیە بەڕێوەدەچێت.
میقداد لە ناوەڕاستی مانگی ڕابردوودا بەشداری لە کۆبوونەوەی ئامادەکاری وەزیرانی دەرەوەی عەرەب بۆ کارەکانی لوتکەی عەرەبی کرد، کە لە 19 ئایاردا بە بەشداری فەرمی سوریا، لە شاری جددە لە سعودیە بەڕێوەچوو.
جێی باسە کە ئەم سەردانەی میقداد دەبێتە سێیەم سەردان بۆ سعودیە لە ماوەی سێ مانگدا، بەو پێیەی مانگی نیسانی ساڵی ڕابردوو یەکەم سەردانی خۆی ئەنجامدا.