هێزەکانی ئێران شەش کەسی دەسگیرکرد

هەولێر – نۆرس پرێس

کۆماری ئیسلامی ئێران شەش هاوڵاتی کوردی دەستگیرکرد و گواستراونەتەوە گرتوخانەکان بەڵام تا ئێستا ئەو تومەتانەی کە دەخرێنە پاڵ ئەو شەش کەسە ئاشکرا نەکراون.

مێهرداد قەیسەربەیگی، ئەیووب گەڕاوەند، یوونس گەڕاوەند، نەوید محەممەدنژاد، محەممەد تەهماسبی و حامید ڕەحمانی، 6 هاووڵاتیی گەنجی خەڵکی شاری “سەراوەڵە”ی سەر بە پارێزگای ئیلام، لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ڕفێندران.

بەپێی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی یەکشەممە، یوونس گەڕاوەند، مێهرداد قەیسەربەیگی، خێزاندار و تەمەن 34 ساڵ، ئەیووب گەڕاوەند، خێزاندار و تەمەن 36 ساڵ، نەوید محەمەدنەژاد، تەمەن 17 ساڵ و ڕاهێنەری وەرزشی بواری ڤۆشۆ، محەمەد تەهماسبی، تەمەن 36 ساڵ و مامۆستای قوتابخانە و حامید ڕەحمانی، تەمەن 23 ساڵ و شۆفێری تاکسی، 6 هاووڵاتیی گەنجی خەڵکی شاری “سەراوەڵە”ی سەر بە پارێزگای ئیلام، لەلایەن هێزەکانی حکومەتی ئەو وڵاتەوە ڕفێندران.

بە وتەی سەرچاوەکان، ئەو 6 هاوڵاتیەی شاری سەراوەڵە، دوای ئەوەی کە لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون، بۆ گرتوخانەی ناوەندی شاری ئیلام گواستراونەتەوە.

پێشتریش مێهرداد قەیسەربەیگی و ئەیوب گەڕاوەندی، لە مانگی پێشووتر لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی شاری سەراوڵە لەلایەن هێزەکانی ئێران جارێکی دیکە دەستبەسەر کرابوون.

تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو 6 هاوڵاتیە و هەروەها باری تەندروستیان دوای دەستبەسەربوونیان لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە، لە بەردەستدا نییە.