شەڕ و پێکدادان لە سودان راستەوخۆ دوای کۆتاییهاتنی ئاگربەست

دیمەشق – نۆرس پرێس

راپۆرتە ناوخۆییەکانی سودان و راپۆرتە عەرەبییەکان نوێبوونەوەی پێکدادانەکانی نێوان هەردوو لایەنی ململانێکانیان لە سودان راگەیاند، ئەمەش راستەوخۆ دوای کۆتایی هاتنی ئەو ماوەی ئاگربەستە دێت کە بە نێوەندگیری ئەمریکا و سعودییە لەسەری رێککەوتبوون.

تۆپباران و بۆردوومانی تۆپخانەکان لە رۆژهەڵاتی نیل و باکووری ئۆمدورمان لە ناوەڕاستی وڵات بیسترا، ئەمەش ئاماژەیەک بوو بۆ دووبارەبوونەوەی پێکدادانەکان دوای تەواوبوونی دواین ئاگربەستی نێوان لایەنە ناکۆکەکان.

ئاگربەستەکە تەنها 24 کاتژمێری خایاند، لە بەرەبەیانی دوێنێ شەممەوە تا کاتژمێرەکانی ئەم بەیانییە، کە بە ئامانجی گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان و پێدانی دەرفەتێک بوو بە دانیشتووان بۆ هەناسەدان لە فشاری ئەو جەنگە وێرانکەرە لەسەریان.

ئەمریکا و سعودیە، دوو ناوبژیوان لە ئاگربەستەکەدا، لە کاتێکی پێشتردا هەڕەشەیان کرد کە ئەو گفتوگۆیانە دوابخەن، کە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لەم دواییانەدا دەستیپێکردبوو، “ئەگەر بێت و جەنگەکە بەردەوام بێت.”

ئەمەش زنجیرەیەک رێککەوتنی ئاگربەست بەدوای خۆیدا هێنا، کە هەموویان لەلایەن هەردوو لایەنی ململانێکەوە پێشێل کران (سودانییەکان بە سەرۆکایەتی عەبدولفەتاح ئەلبورهان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بە سەرۆکایەتی عەبدولحەمید دەقلو).

هەینی رابردوو وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند کە پشتگیری لە پلاتفۆرمێک دەکات بە ناوی “چاودێری ململانێکانی سودان” بۆ بڵاوکردنەوەی ئەنجامی چاودێریکردنەکانی جەنگ و ئاگربەستەکە لە رێگەی مانگی دەستکردەوە.

لێکدانەوەکان سەبارەت بەو ململانێیە کە لە 15ی نیسانەوە پەرەی سەندووە ناجێگیر بوون، کە دۆخەکە بەرەو کوێ دەڕوات، کە لە پاشخانی سەرکردایەتی و بەیەکدادانی دوو هێزی شەڕکەردا سەریان هەڵداوە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر