عەلی عەلاق: لە چەند ڕۆژی داهاتوودا نرخی دۆلار بەشێوەیەكی بەرچاو لەبەرامبەر دیناری عێراقیدا دادەبەزێت

هەولێر-نۆرس پرێس

عەلی عەلاق، پارێزگاری بانكی ناوەندی ڕایگەیاند، پێویست ناكات لە ئێستادا پاكێجی بەپەلەی نوێ بخرێتە بازاڕەوە، بەو پێیەی دۆخەكە لە ڕێگەی پلاتفۆرمە ئەلیكترۆنییەكانەوە بەرەوپێش دەچن و پێویستیش ناكات ڕێوشوێنی زیاتر بگیرێتەبەر.

پارێزگاری بانكی ناوەندی لە درێژەی قسەكانیدا گوتی، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا نرخی دۆلار بەشێوەیەكی بەرچاو لەبەرامبەر دیناری عێراقیدا دادەبەزێت.

ڕوونیكردەوە، ئامانج لە دانانی سەقف بۆ دەرهێنانی پارە لە كارتی پارەدان، دووركەوتنەوەیە لە خراپ بەكارهێنانی ئەم كارتانە، لەبەر ئەوەی بەردەوامبوون لەگەڵ دۆخی پێشوو، كەرتی دارایی دەخاتە بەردەم هەڕەشەیەكی گەورە و قاچاخچێتیكردن بە دراو زیاد دەكات.

لێدوانەكەی عەلی عەلاق، پارێزگاری بانكی ناوەندی لەكاتێكدایە كە دوێنێ پەرلەمانی عێراق نرخی 100 دۆلاری ئەمریكی لە بودجەدا بە 130 هەزار دینار پەسندكرد، كەچی ئەمڕۆ شەممە نرخی 100 دۆلار بە زیاتر لە 146 هەزار دینار مامەڵەی پێوەكرا.