ژمارەیەک کۆچبەری سوریی و عێراقی کەشتییەکی تورکیا دەڕفێنن

هەولێر – نۆرس پرێس

دەسەڵاتدارانی ئیتاڵیا رایانگەیاند، ئەمرۆ شەممە 10ی حوزەیرانی 2023، توانیویانە دەستبگرن بەسەر کەشتییەکی تورکی کە لەلایەن کۆمەڵێک کۆچبەری سوریی وعێراقی رفێندرابوو، سەرئەنجام گشتیان دەستگیرکراون.

بەگوێرەی گوتەی دەسەڵادارانی ئیتاڵیا دوای سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنی هێزە تایبەتەکانی ئیتاڵیا لە کەناراوەکانی ئەو وڵاتە، تیمی کەشتییەکی سەر بە تورکیا ئازادکران.

بەگوێرەی بەشێک لە میدیاکانی ئیتاڵیا، 15 پەناخوازی سوریی، ئەفغانی و عێراقی “بە دزییەوە چوونەتە ناو کەشتییەکە پێش ئەوەی هەفتەی رابردوو تورکیا بەجێبهێڵێت”.

تیمی کەشتییەکەی بانگەوازێک بۆ تیمەکانی چاودێری دەریایی تورکیا دەنێرێت، لە پەیامەکەدا دەلێت کە هەندێک سەرنشین لەناو کەشتییەکەدا خۆیان حەشارداوە و ئەندامەکانیشی لەلایەن ئەو کۆچبەرانەوە هەڕەشەی چەقۆیان لێکراوە کە ویستوویانە دەست بەسەر کەشتییەکەدا بگرن.

هەرچەندە کۆچبەرەکان هەوڵیاندا بەشێک لە تیمی کەشتییەکە بە بارمتە بگرن، بەڵام کاپتنی کەشتییەکە توانی پەیامێک بۆ دەسەڵاتدارانی ئەنقەرە بنێرێت و ئەوانیش لە بەرامبەردا سوپای ئیتاڵیا ئاگادار دەکەنەوە.

گویدۆ مارکۆ، وەزیری بەرگری ئیتاڵیا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: سەرنشینەکان چەکی سپی (خەنجەر و چەقۆ) بەکارهێنابوو بۆ هەڕەشەکردن لە تیمی کەشتیەکە، گوتیشی وادیارە مەبەست لەم هەنگاوە دابینکردنی رێگایەک بووە بۆ گەیشتن بە ئەوروپا.

بەگوێرەی گوتەکانی وەزیری بەرگری ئیتاڵیا، رۆما هێزی تایبەتی بە دوو هێلیکۆپتەر و چەند کەشتییەکی پاڵپشتی ناردووە بۆ گەراندنەوەی کەشتییەکە، دوای نزیکەی حەوت کاتژمێر، بەرەبەیانی ئەمرۆ هێزەکانی ئیتاڵیا توانیان کەشتییەکە بگەیەننە کەنارەکانی شاری ناپۆلی.

کاربەدەستانی ئیتاڵیا رایانگەیاند کە هەر 22 ئەندامی تیمی کەشتییەکە ئازاد کراون و هەر 15 کۆچبەرەکەش لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەر کراون.