بەرێوبەرایەتی خۆسەر: بریارماندا بە دادگایکردنی 10 هەزار چەکداری داعش

رەقە – نۆرس پرێس

بەرێوبەرایەتی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بڕیاریدا بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکانی پەیوەست بە “تیرۆر”، چەکدارە دەستگیرکراوەکانی داعش دادگایی بکات.

  بەرێوبەرایەتی خۆسەر لە بەیاننامەیەکدا لە پەیجی فەرمی خۆی لە فەیسبووک بڵاوکردەوە، پرۆسەی دادگاییکردنی “ئاشکرا و دادپەروەرانە و شەفاف” دەبێت، بە شێوەیەک کە مافی داواکاران و قوربانیان و ئەندامانی خێزانەکەیان بپارێزێت.

بەرێوبەرایەتی خۆسەر ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیارەکە “بەهۆی شکستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بووە لە وەڵامدانەوەی بانگەوازەکانی بۆ وڵاتان بۆ وەرگرتنی هاووڵاتیانیان لە نێو داعش، هەروەها لەپێناو بەدیهێنانی دادپەروەری بۆ قوربانیانی تاوانەکانی داعش و بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی”.

لە یەکەم رۆژەکانی کۆتایی هاتنی شەڕی باغوزەوە لە ساڵی 2019، بەرێوبەرایەتی خۆسەر داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە بە بەرپرسیارێتی خۆیان هەستن لە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ پرسی دادگایکردنی دەستگیراوەکانی “داعش” ، هەروەها دەستپێشخەرییەکانی خستۆتەروو بۆ پێکهێنانی دادگایەکی نێودەوڵەتی.

 ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئەمە بەو مانایە نییە کە بەرێوبەرایەتییەکە بۆچوونی خۆی گۆڕیوە سەبارەت بە پێویستی دامەزراندنی دادگایەکی نێودەوڵەتی، ئێمە هێشتا پێداگرین لەسەر بانگەوازەکەمان” سەبارەت بە ئەوەی دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەڵامی داواکارییەکانمان بداتەوە بۆ پێکهێنانی دادگایەکی نێودەوڵەتی”.

لە بەیاننامەکەیدا بەرێوبەرایەتی خۆسەر داوای لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی “تیرۆر”، نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە پەیوەندیدارە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و رێکخراوە ناوخۆییەکان کردووە کە بە شێوەیەکی ئەرێنی بەشداری بکەن و ئامادەبن و پشتگیری بکەن لە هەموو قۆناغەکانی دادگاییکردنەکاندا.

بەپێی بەیاننامەکەی بەرێوبەرایەتی خۆسەر، دەستگیرکراوە بیانیەکانی داعش بە یەکێک لە ئەرکە قورسەکانی بەردەم بەرێوبەرایەتی خۆسەر دادەنرێت و مانەوەیان لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن بەبێ دادگاییکردن “پێچەوانەی یاسا و رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانە”، ئەمە جگە لەوەی دەستگیرکراوەکان دەبنە هۆی بەردەوامی مەترسی ئەمنی لە ناوچەکەدا.

ژمارەی  دەستبەسەرکراوانەی داعش لە رۆژئاوایی کوردستان، نزیکەی 10 هەزار دەبێت، ئەمە جگە لەوەی دەیان هەزار ئەندامی خێزانەکانیان لە نێو کامپەکانی رۆژئاوایی کوردستان دەمێننەوە.