بەریتانیا.. بەردەوام دەبین لە هاوکاری پێشمەرگە و داعش هێشتا مەترسیەکی راستەقینەیە

هەولێر – نۆرس پرێس

جەیمس هیپی، وەزیری هێزه چەکدارەکانی بریتانیا لەگەڵ وەزیری پێشمەرگە کۆبوەوە و رایگەیاند، بریتانیا لە روبەڕوبونەوەی تیرۆردا بەردەوام دەبێت لە پشتگيری هێزەکانی عێراق و هێزی پێشمەرگەی كوردستان، جەختیش دەکاتەوە کە داعش هێشتا له‌سه‌ر ئاسايش و سه‌قامگيريى عێراق، ناوچه‌كه‌ و جيهانيش هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسييه‌كى ڕاسته‌قينه‌يه‌‌.

وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، شاندێکی باڵای وەزارەت بەسەرۆکایەتی شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە و ئەندامیەتی فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکان، لیوا روکن بەختیار محەمەد سدیق، ئەمینداری گشتی، لیوا روکن هۆشمەند حیدر  و لیوا روکن نەجمەدین، جێگرانی سەرۆکی ئەرکان، عەمید روکن محەمەد سەعید بەڕێوەبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکان، سەردانی بریتانیایان کرد و لەلایەن جەیمس هیپی، وەزیری هێزه چەکدارەکان و ماڕشاڵ سامی سمپسن گەورە راوێژکاری بەرگری بریتانیا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، ستیڤن هیکی بەڕێوەبەری کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەوەزارەتی دەرەوە و  ئەفسەرانی باڵای سەربازی ئەو وڵاتە پێشوازیان لێکرا.

لە راگەێنراوەکەدا هاتووە، “

وه‌زيرى هێزه چەکدارەکانی به‌ريتانيا، جه‌ختى له‌ به‌رده‌واميى به‌شدارى و ئه‌ركى هێزه‌كانى وڵاته‌كه‌ى له‌ چوارچێوه‌ى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيى دژى داعش كرده‌وه‌ و هه‌موو پشتگيرييه‌كى شانشينى يه‌كگرتوى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و هێزەکانی پێشمەرگه‌ لە رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ى تيرۆردا، دوپات كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها پێزانين و ستايشى بۆ قوربانيه‌كان و ڕۆڵى پێشمه‌رگه‌ وهه‌رێمى كوردستان له‌ تێكشكاندنى داعشدا، ده‌ربڕى.”

هەروەک لە راگەێنراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستاندا هاتووە: “لاى خۆيه‌وه‌، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە، سوپاس و پێزانينى بۆ ڕۆڵى به‌ريتانيا وپشتگيري كردنى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ شه‌ڕى دژى تيرۆردا دوپات كرده‌وه‌، هاوكارييه‌ سه‌ربازييه‌كانى به‌ريتانياى به‌رز نرخاند، به‌تايبه‌تيش ئاماژه‌ى به‌بوونى ڕاوێژكاران و تيمه‌كانيان و مه‌شق كردن و ڕاهێنانيان به‌ پێشمه‌رگه كرد و راشیگەیاند: لەرێگەی راوێژکارانی سەربازی بەریتانیا و وڵاتانی تری هاوپەیمانان، پڕۆسەی چاکسازی سەربازی پێشکەوتنی باش و کارای بەخۆوە بینیوە، کە دواجار گەشەسەندن و بەدامەزراوەیی کردنی زیاتری هێزەکانی پێشمەرگەی لێکەوتۆتەوە.”