هەولێر – نۆرس پرێس
لە میانەی دیدارێکی نێوان فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و ئەنتۆنی بلینکن هاوتا ئەمەریکیەکەی لە پەراوێزی کۆبونەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش کە لە ڕیاز بەڕێوەچوو، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، لە کۆبونەوەکەدا تاوتوێی بابەتە جۆراوجۆرەکانی پەیوەند بە بەغدا و واشنتن و شێوازەکانی هاوکاری لە بوارە جیاوازەکان کراوە، هەروەها کۆمەڵێک بابەتی ناوچەیی و جیهانی تاوتوێ کران و هەوڵەکانی عێراق بۆ بەرزکردنەوەی ئابوری وڵاتەکەی و گەیشتن بە سەربەخۆیی وزە خراوەتەڕوو.
لەو دیدارەدا هەردوو وەزیر باسیان لە باجی دارایی حکومەتی ئێران بۆ عێراق کرد، بەهۆی کڕینی غاز و کارەبا لە تاران، هەروەها چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ رێوشوێنەکانی ئەمەریکا بەرامبەر بە بانکە نێودەوڵەتییەکان، لەنێویاندا بانکە عێراقییەکان.
فوئاد حوسێن باسی ئەو رێوشوێنانەی کرد کە لە چوارچێوەی سیاسەتی گەمارۆکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران دانراون، جەختیشی لە سەر پێویستی دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ ئەم گرفتە کردەوە، چونکە راستەوخۆ کاریگەری لەسەر کەرتی کارەبا لە عێراقدا هەیە، کە عێراق پشت بە هەناردەی غازی ئێران دەبەستێت بۆ دەستەبەرکردنی بەشێکی زۆر لە پێداویستییەکانی کارەبا.
لە ماوەی ساڵانی رابردودا بەغدا رووبەڕووی چەندین ئاستەنگ بوەوە لە هاوردەکردنی غازی ئێرانی و چەندین پچڕانی کارەبای بەخۆیەوە بینی، کە هەندێکیان بە هۆکاری تەکنیکی بووە و هەندێکی تریش بەهۆی هۆکاری داراییەوە، بەهۆی نەدانی پارەی تاران بە عێراق.