سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق دەکات

ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان

هەولێر -نۆرس پرێس

ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، پێشوازی لە ئەلینا رۆمەناوسکی باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا، کە ئێرڤن هیکس کونسولی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر ئامادەی بوو ، گفتوگۆ لەبارەی پێویستی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی لە سەر بنەمای دەستوور و ڕێزگرتن لە ڕێککەوتنەکان کرا.

تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە بەشی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدرالی ، لەمبارەیەوە سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە کە هەموو هەوڵێکمان داوە لە چوارچێوەی دەستوور و لە پێناو پاراستنی ماف وشایستە داراییەکانی هەرێم ، لەگەڵ حکومەتی فيدرال بگەینە ڕێککەوتن، بەڵام پێشێلکردنی مافەکانمان قبول ناکەین.

لەبارەی دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیشەوە، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی پێویستە لە نزیکترین کاتدا ، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت.