وەزیری دەرەوەی عێراق: کامپی ھۆل لە پێشینەی کارەکانماندایە و پێویستی بە چارەسەرێکی راستەقینەیە
هەولێر– نۆرس پرێس
ئەحمەد ئەلسەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، فواد حسێن، وەزیری دەرەوە گوتارەکەی عێراق لە کۆبوونەوەی وەزاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش لە ریازی پایتەختی سعودیە گوتارێکی پێشکەش کردووە و لەو گوتارەیدا جەختی لەوە کردوەتەوە کە “بڕیاردراوە بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بە هەموو شێوە و دەرکەوتەکانییەوە، هەروەها بۆ بەرزکردنەوەی سەقامگیری لە ناوچە رزگارکراوەکان و گەڕانەوەی ئاوارەکان و ماڵباتەکانی داعش لە کامپەکانی رۆژئاوای کوردستان، بەدواداچوون و راودوونانی پاشماوەکانی باندە تیرۆریستییەکانی داعشدا لە عێراق”.
لە هەمان راگەێنراودا ئەوەشیان خستوەتەڕوو کە “حکومەتی عێراق کار بۆ باشترکردنی خزمەتگوزاری و ژێرخانی ئابووری و بەرەوپێشبردنی ئابووری و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی” دەکات.
ناوبراو لە درێژەی گوتارەکەیدا ئەوەی خستووەتەڕوو کە “هێزە ئەمنییەکانی عێراق بەدواداچوون بۆ ئۆپەراسیۆنە پێشوەختە و هەواڵگرییەکان دەکەن بۆ بەدواداچوون بۆ پاشماوەی باندە تیرۆریستییەکانی داعش و شانە نوستووەەکانیان، بۆ ئەوەی رێگرییان لێبکەن لە پلاندانان و ئەنجامدانی هێرش و بێبەشکردنیان لە پەناگەیەکی ئارام و راگرتنی سەرچاوەکانیان” بە گوتەی وەزیری دەرەوەی عێراق
” ئەم هەوڵانە بوونەتە هۆی کەمبوونەوەی بەرچاوی ئاستی هێرشەکانی داعش لە ماوەی نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا.”
ئاماژەی بەوەشکرد، حکوومەتی عێراق کارێکی زۆر دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە دۆسیەی ئاوارەیی ناوخۆ، لەم میانەدا 148 کامپی ئاوارەکان پێشتر داخراون، تەنها دوو کامپ لە پارێزگاکانی نەینەوا و ئەنبار ماونەتەوە ، 26 کامپیش لە شارە جیاکانی هەرێمی کوردستان بوونیان هەیە.
فواد حسێن لە کۆبوونەوەی وەزاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش رایگەیاندووە، کە حکومەتی عێراق گرنگیی تایبەت بە کامپی ھۆل دەدات و لە پێشینەی کارەکانیدایە، و پێویستە چارەسەرێکی راستەقینە بۆ ئەو قەیرانە بدۆزرێتەوە.
گوتیشی، نزیکەی 3 ھەزار تیرۆریستی عێراقی لە سوریا دەستبەسەرن.
دەشڵێت، حکومەتی عێراق نزیکەی 1400 کەسی لە کەسوکارەکانی داعش، لە کامپی ھۆلەوە گەڕاندووەتەوە بۆ کامپی جەدعە، کە ژمارەیان نزیکەی 5 هەزار کەسە لە ناو 680 خێزاندا گەڕێندراونەتەوە بۆ زێدی خۆیان.
ئاماژەی بەوەشکرد، “حکومەتی عێراق سوپاسی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەتایبەت هاوبەشەکان دەکات لە گەڕاندنەوەی سەقامگیری، بۆ پاڵپشتی و بەشداریکردنی بەردەوامیان لە سندوقی سەقامگیری و پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانی ئابووری و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، و بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕوانی بەشداریکردنی وڵاتانی ئەندامە لە بودجەی ساڵی 2024 – 2023 بۆ تەواوکردنی ئەو پڕۆژە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و نۆژەنکردنەوەی ماڵەکان لە ناوچە ئازادکراوەکان بۆ ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەی ئەو ئاوارانەی کە هێشتا نەگەڕێنراونەتەوە.