بەهای لیرەی تورکیا بەردەوامە لە دابەزین و ئەمڕۆ ریکۆردێکی نوێی تۆمارکرد

هەولێر – نۆرس پرێس

بەهای لیرەی تورکیا لە بەرامبەر بە دۆلار و دراوە بیانییەکانی دیکە بەردەوامە لە دابەزین و ئەمڕۆ ریکۆردێکی نوێی دابەزینی تۆمارکرد.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ، بەر لە کرانەوەی بۆرسەکانی تورکیا بەهای یەک دۆلاری ئەمریکی گەیشتە 23.64 لیرە و یەک یۆرۆ بە 25.73 لیرە مامەڵەی پێوەکرا.

یەک دۆلاری ئەمریکی گەیشتە 23.41 لیرە، هەروەها یەک یۆرۆ بە 25.60 لیرە مامەڵەی پێوەکرا، ئەمە لە کاتێکدایە ناجێگیری لە بەهای لیرەدا هێشتا بەردەوامە.

لیرەی تورکی لە ناوەڕاستی مانگی ئایاری ئەمساڵەوە بە پشتبەستن بە سیاسەتە ئابورییەکان دوای خولی یەکەمی هەڵبژاردن، رووی لە دابەزینە و بەردەوامە لە لەدەستدانی بەهاکەی.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە بەهای لیرەی تورکی بەرامبەر بەدۆلار زیاتر لە 9% دابەزیووە و لە ماوەی 10 ساڵدا زیاتر لە 90%ی بەهای خۆی لەدەستداوە، ئابوری ئەو وڵاتەش بەچەندین شەپۆلی دابەزین و هەڵاوسانی بەرزدا تێپەڕیوە.

دابەزینی بەردەوامی بەهای لیرە بەرامبەر بەدۆلار لەدوای سەرکەوتنی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە هەڵبژاردنەکان و وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆکایەتی کۆماری وڵاتەکەی دێت لە 28ی ئەم مانگەدا، سەرەڕای چەندین بەڵێن و هەنگاو بۆ بەرزکردنەوەی دراوی نیشتمانی ئەو وڵاتە، بەڵام تا ئێستا سەرکەوتوو نەبووە.

بەر لە هەڵبژاردنەکانی 14ـی ئایار یەک دۆلار بە 19.57 لیرە مامەڵەی پێوەدەکرا، بەڵام دوای هەڵبژاردن و دەرچوونەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان بە سەرۆککۆماری تورکیا، بەهای یەک دۆلار بۆ سەرووی 20 لیرە بەرزبووەوە.