نۆرس پرێس ئاماری رووداوەکانی شەڕ و کوشتنی کۆمەڵایەتی لە سوریا و رۆژئاوای کوردستان بڵاودەکاتەوە

رەققە – نۆرس پرێس

بەشی بەدواداچوون و بەڵگەنامەکانی نۆرس پرێس لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا 84 رووداوی شەڕی کۆمەڵایەتی لە سوریا و رۆژئاوای کوردستان تۆمار کردووە کە شەشیان لەم مانگەدا روویانداوە.

لە شەڕی ناوخۆیی خێڵەکاندا لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا 74 کەس گیانیان لەدەستداوە، کە 9 کەسیان لە مانگی حوزەیراندا کوژراون.

لە سەرەتای ئەم مانگەوە تا ئێستا 6 رووداوی شەڕ و پێکدادان لە نێوان هاوڵاتیانی سڤیل لە سوریا تۆمارکراوە کە 4 رووداویان لە دێرەزوور و یەکێکیان لە ئیدلب و یەکێکی دیکەیان لە حەڵەب بوون، ژمارەی قوربانیانیش گەیشتووەتە 9 کەس کە 6یان کوژراون و 3 دیکەشیان بریندار بوون.

لە 84 رووداوی شەڕدا، لە سەرتاسەری سوریادا 170 کەس بریندار بوون کە 4 ژن و 5 منداڵیان تێدایە.

ئەم رووداوانە بەسەر شارەکانی سوریا و رۆژئاوای کوردستاندا دابەشکرابوون، کە شاری دێرەزوور لە رۆژئاوای ئەو وڵاتە پشکی شێری بەرکەوتووە ، بە تۆمارکردنی 31 رووداو، دوای ئەوە حەڵەب و گوندەوارەکانی دێت بە 16 رووداو، دەرعا بە 9 رووداو و رەققە بە 8 رووداو.

لە کاتێکدا 4 رووداو لە قامشلۆ تۆمار کراون، و هەمان بڕ لە سوەیدا، 3 رووداو لە ئیدلب و 2 رووداو لە دیمەشق و گوندەوارەکانی تۆمار کراون.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان