ئه‌مڕۆش كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی عێراق لەسەر په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت

هەولێر – نۆرس پرێس

دوای چەندین جار دواخستنی، دواجار دوێنێ شەو دانیشتنی ژمارە 28ی ئاسایی وەرزی یەكەمی یاسادانان بۆ ساڵی دووەم لە خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق تایبەت بە پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی عێراق بۆ ئەمساڵ و دوو ساڵی داهاتوو، بە سەرۆكایەتی محەممەد حەلبووسی سه‌رۆکی پەرلەمانی عێراق و بە ئامادەبوونی 258 ئەندام بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا، خوێندنەوە بۆ هەشت ماددە کرا و تێیدا ماددەکانی یەک، سێ، پێنج، شەش، حەوت و هەشت پەسەندکران.

هەر لە میانی کۆبوونەوەکەدا دەنگدان بە ماددەی دوو لە پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی عێراق دواخرا و ماددەی چواری پڕۆژەیاساکە لادرا.

دوای خوێندنەوەی هەشت ماددە لە پڕۆژەیاساکە، سەرۆکی په‌رله‌مانی عێراق، محەمەد حەلبووسی دانیشتنەکەی بۆ کاتژمێر 1:00ـی دوای نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دواخست.

رۆژی 13/3/2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتی په‌سه‌ندكرد، بڕیاره‌ په‌رله‌مانی عێراق په‌سه‌ندی بكات.

پێشتریش گوتەبێژی حکومەتی عێراق، باسم عەوادی رایگەیاندبوو، قەبارەی بودجەی فیدراڵیی عێراق بۆ ساڵی 2023، دەگاتە 197 تریلیۆن و 828 ملیار دینار و کورتھێنان لە بودجەی ئەمساڵدا دەگاتە 63 تریلیۆن دینار.

دانیشتنە هەڵگیراوەکەی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ دەستپێدەکاتەوە و دوو پرسی پەیوەندیدار بە هەرێمی کوردستان کە گەڕاندنەوەی 10%ـی مانگانەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران و مامەڵەکردنی راستەوخۆی بەغدایە لەگەڵ پارێزگاکان بۆ ناردنی بودجە هێشتا ناکۆکییان لەسەرە.

دوایین رەشنووس ئێستا لەبەردەستی پەرلەمانتارانە، ئەوەی پەیوەندیدارە بە هەرێمی کوردستانەوە و ناکۆکیی لەسەرە، بڕگەی تایبەت بە گەڕاندنەوەی 10%ـی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران و بڕگەی مامەڵەی راستەوخۆی بەغدایە لەگەڵ پارێزگاکان کە لە رەشنووسەکەدا ماونەتەوە.

ئەمڕۆ فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە دانیشتنی پەرلەمان ئامادە دەبن، بەڵام بۆچوونی جیاوازیان لەبارەی بڕگەکان هەیە و بەشێکیان لەوانەیە دەنگ بە کۆمەڵێک بڕگەی دیاریکراو نەدەن.

لەنێو لایەنە شیعە و سوننەکانیش، دیاریکردنی بودجە بۆ پەرەپێدانی پارێزگاکان و پرسی تەرخانکردنی بودجە بۆ حەشدی شەعبی، پرسی وانەبێژان و گرێبەستەکان ناکۆکییان لەسەرە.

ئەو هەشت ماددەی لە پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى دوێنێ شەو لە پەرلەمانی عێراق پەسەند کران ئەمانەن:

ماددەى یەک: تایبەتە بە بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلار کە 100 دۆلار بە ١٣٠ هەزار دینار جێگیر کرا و دیاریکردنى نرخى نەوت بە 70 دۆلار و پێشبینى بڕى نەوتى هەناردەکراو.

ماددەى دوو: دواخرا کە تایبەت بوو بە خەرجییەکان

ماددەى سێ: تایبەتە بە پاڵپشیى دارایی کەرتى کشتوکاڵ و پیشەسازى و دەسەڵاتى وەزیرى دارایی بۆ ئەو کارە و پەسند کرا.

ماددەى چوار: لادرا کە تایبەتە بە دەسەڵاتى ئەنجوومەنى وەزیران بۆ گواستنەوە لە پارەى تەرخانکراو لە قەرزەکان و گۆڕینى ئەو لایەنەى کە سوودمەند دەبێت لە قەرزەکان.

ماددەى پێنج: تایبەتە بە دەسەڵاتى راستەوخۆى خەرجکردنى و رێگرى لە تێپەڕاندنى بڕى تەرخانکراو و پەسند کرا.

ماددەى شەش: تایبەتە بە دەسەڵاتى گواستنەوەى بودجە و پەسند کرا.

ماددەى حەوت: تایبەتە بە دەسەڵاتى بەکارهێنانى یەدەگى بارى لەناکاو و پەسند کرا.

ماددەى هەشت: تایبەتە بە سنووردارکردنى داهات بۆ یەک ساڵ و تاوەکو کۆتایی 2023، پەسند کرا.