“پەدەکەسە” لە هەولێر دوازدەهەمین کۆنگرەی خۆی دەبەستێت

هەولێر – نۆرس پرێس

سبەی شەممە، پارتی دیموکراتی کوردستان – سوریا “پەدەکەسە” لە هەولێر دوازدەهەمین کۆنگرەی خۆی دەبەستێت، کۆنگرەکە دوو رۆژ تا سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.

پەدەکەسە، کۆنترین پارتی سیاسی کوردییە لە رۆژئاوای کوردستان، کە لە ساڵی 1957وە وەک یەکەمین پارتی کوردستانی لە رۆژئاوای کوردستان و سوریا دامەزراوە.

 بە گوێرەی بەرنامەکانی پارتەکە، بڕیارە نزیکەی 200 ئەندام کە 49یان ئەندامی سەرکردایەتیی پەدەکەسەن، لە کۆنگرەکەدا بەشداربن کە سەر بە هەرێمەکانی جزیرێ، کۆبانێ و عەفرینی رۆژئاوای کوردستان و شارەکانی دیمەشق و حەڵەبی سوریان.

هەروەها نوێنەری پەنابەرانی رۆژئاوای کوردستان لە هەرێمی کوردستان، باکووری کوردستان و ئەوروپاش لە کۆنگرەکەدا بەشدار دەبن.

 بە گوتەی لێدوانی بەرپرسێکی پارتەکە، دەبوو کۆنگرەکە دوو تا سێ ساڵ و نیو دوای کۆنگرەکەی پێشووی هەولێر، ببەسترێت، بەڵام بەهۆی داعش، ناکۆکییەکانی نێو پارتە کوردییەکان و داخستنی نووسینگەی پارتە سیاسییەکان و ناڕوونیی دۆخی جیهانەوە، دواکەوتووە

دوایین کۆنگرەی “پەدەکەسە” لە نیسانی 2014 لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بەستراوە.