ئەنتۆنی بلینکن: گەڕانەوەی سوریا بۆ نێو کۆمکاری عەرەبی بریارێکی دروست نییە
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 8ی حوزەیرانی 2023، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند کە پێیان وایە گەرانەوەی سوریا بۆ نێو کۆمکاری عەرەبی بڕیارێکی دروست نییە.
ئەم لێدوانە بۆ بلینکن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ هاوتا سعودییەکەی فەیسەڵ بن فەرحان لە کۆتایی کۆبوونەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش هات.
بلینکن گوتی: “ئێمە باوەڕمان بەوە نییە کە گەرانەوەی سوریا بۆ نێو کۆمکاری عەرەبی بڕیارێکی دروست بووبێت.”
ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ هاوبەشەکانیان لەسەر ئەو پرسانە هاوڕان کە دەبێت بەشار ئەسەد، سەرۆکی سوریا پابەند بێت پێیەوە.
لە بەرامبەردا فەیسل بن فەرحان وەزیری دەرەوی سعودیە گوتی “چارەسەری قەیرانی سوریا پێویستی بە دیالۆگ لەگەڵ دیمەشق هەیە، دیالۆگ لەگەڵ دیمەشقیش هاوکاردەبێت لە چارەسەرکردنی کێشە مرۆییەکانی لەو وڵاتە”.
19 مانگی ئایاری رابردوو بۆ یەکەم جار لە دوای دەستپیکردنی قەیرانی سوریا لە 2011، سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد بەشداری کۆبوونەوەی لۆتکەی کۆمکاری عەرەبی کرد، کە لە شاری جەددەی سعودی بەرێوەچوو.