کۆچبەرێکی سووری لە فەرەنسا 6 کەس بە چەقۆ بریندار دەکات

هەولێر – نۆرس پرێس

کۆچبەرێکی سوریی کە گومانی لێدەکرا بە چەقۆ لە شارۆچکەی ئانسی فەرەنسا هێرشی کردبێتە سەر شەش کەس دەستگیرکراوە و سەرۆکی فەرەنساش بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکەی کردووە.

لین بۆنێت-ماتێس، داواکاری گشتی شارۆچکەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە نێو بریندارەکان چوارییان منداڵە و یەکێک لەو چوار منداڵەی کە لە هێرشەکەدا برینداربوون، تەمەنی 22 مانگە و دوو منداڵیان دوو ساڵ بووە و ئەوی دیکەیان تەمەنی سێ ساڵ بووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە هێرشەکەدا چوار منداڵەکە کە تەمەنیان سێ ساڵ یان کەمترە، بە سەختی برینداربوون.

ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکو ئێستا پاڵنەرەکانی هێرشبەرەکە نادیارە، بەڵام پێناچێت پەیوەندی بە تیرۆرەوە هەبێت.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پۆلیسی فەرەنسا، ‌هێرشکارەکە کۆچبەرێکی سوورییە و تەمەنی 31 ساڵە کە داوای مافی پەنابەرێتی لە فەرەنسا کردووە، بەڵام پۆلیس ناسنامەکەی ئاشکرا نەکردووە.

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنساش، لە تویتێکدا، بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و رووداوەکەی بە “هێرشێکی تەواو ترسنۆکانە” ناوبرد وگوتی: “تاوانلێکراوەکان شەڕ بۆ ژیان دەکەن، میللەت تووشی شۆک بووە، دڵمان لەلای خێزانەکانیانە”.