کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بڕیارە کاتژمێر 8 بەرێوەبچێت و دەنگ لەسەر پرۆژە یاسای بودجە بدرێت
هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمرۆ پێنجشەممە، 8ی حوزەیرانی 2023، کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق، بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی عێراق، بەرێوەدەچێت.
بڕیارە کاتژمێر 20:00 ئەمشەو پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر رەشنووسی یاسای بودجەی گشتی ساڵی 2023 کۆببێتەوە و پەسەندی بکات، کە پشکی هەرێمی کوردستان تێیدا 12.67٪ـە و نزیکەی 16 تریلیۆن دینارە.
بەپێی كارنامەكە، دانیشتنەكەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەران یەك تەوەر لەخۆدەگرێت كە ئەوەیش تایبەتە بەدەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی فیدراڵیی بۆ ساڵانی 2023،2024،2025.
هاوکات زۆرینەی فراکسیۆنەکان پێش کۆبوونەوەی پەرلەمان کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنی پێشهاتە نوێیەکان و لەنێوخۆیاندا تاوتوێی بابەتەکان دەکەن، بەگوێرەی زانیارییەکان کۆبوونەوەکان فەرمی نابێت.
بە گوێرەی زانیارییە پێشوەختەکان سەبارەت بە داهاتە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، لایەنەکانی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت رێککەوتوون لەسەر ئەوەی سەرجەم داهاتە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت نەک وەزارەتی دارایی عێراق.
هەروەها ئەوەش روونبووەتەوە کە لە خاڵی سێیەمی ئەو رێککەوتنە ئاماژە بەوەکراوە، لە بەرامبەر پابەندنەبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوا لە پشکی بودجەی هەرێمی کوردستان دەبڕدرێت.
شەوی پێنجشەممە، 25ی ئایاری 2023، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەستکاری رەشنووسی بودجەی ساڵی 2023ـی کرد کە حکومەت بۆ پەرلەمانی ناردبوو، گۆڕانکارییەکە لە مادەکانی 13 و 14 بوو، کە تایبەتن بە هەرێمی کوردستان.