بەغدا ژمارەی خێزانە گەڕاوەکانی داعش لە سوریا ئاشكراکرد
هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمرۆ پێنجشەممە، 8ی حوزەیرانی 2023، فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، کۆی ژمارەی ئەو خێزان و دەستگیرکراوانی داعشی ئاشکرا کرد کە لە سووریا گەڕێندراونەتەوە.
ئەمەش لە گوتارەکەیدا هات لە میانی كۆبوونەوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش کە لە ریازی پایتەختی سعودیە بەرێوەچوو.
فوئاد حسێن، ئاماژەی بەوەشكرد كە حكوومەتی عێراق نزیكەی هەزار و 400 خێزانی گەڕاندووەتەوە، زیاتر لە پێنج هەزار كەس لە سەنتەری جدعە، چاكسازیی دەروونییان پێشكەش كراوە.
وەزیری دەرەوەی عێراق، رایگەیاند کە بەغدا نزیکەی سێ هەزار ئەندامی داعشی بە رەگەز عێراقی کە لە سوریا دەستبەسەر کرابوون گەڕاندەوە و زۆربەیان دوای گەڕانەوەیان لە ناوخۆی عێراق دادگایی کران.
زۆربەی دەستگیرکراوەکانی داعش و خێزانەکانیان لە زیندان و کەمپەکانی باکوری رۆژهەڵاتی سوریان دەمێننەوە، دوای ئەوەی لە مانگی ئازاری 2019 لە دوایین پێگەی خۆیان لە شارۆچکەی باغوز لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە دەستگیرکران.
فوئاد حسێن روونیكردەوە، حكوومەتی عێراق گرنگییەكی تایبەت بە كەمپی هۆل دەدات و ئەولەویەتی پێ دەدات، راشیگەیاند، عێراق دووپات لەسەر دۆزینەوەی چارەسەرێكی ڕاستەقینە بۆ ئەم تەنگەژەیە دەكات.
کەمپی هۆڵ دەکەوێتە رۆژهەڵاتی شاری حەسەکە نزیک سنووری عێراق و زیاتر لە 30 هەزار عێراقی لێ دەمێننەوە، کە زۆربەیان ژن و منداڵن، لەگەڵ هەزاران کەسی دیکە لە نەتەوە جیاوازەکان.
سەبارەت بە ئۆپراسیۆنەکانی دژی داعش، وەزیری دەرەوەی عێراق گوتی، “پێشوەختە هێزە ئەمنیەکان و هەواڵگری بەدواداچوون بۆ پاشماوەی تیرۆریستەكانی داعش و شانە خەوتووەكانیان دەكەن، بۆ ئەوەی رێگرییان لێبکەن لە پلاندانان و ئەنجامدانی هێرشەکان، بێبەشکردنیان لە پەناگە سەلامەتەکان، و وشککردنەوەی سەرچاوەی داراییەکانیان”.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو هەوڵانە بووە هۆی کەمبوونەوەی بەرچاوی ئاستی هێرشەکانی ذاعش لە ماوەی نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا.
حوسێن جەختی لەوەشکردەوە، عێراق کار بۆ بەرزکردنەوەی سەقامگیری ناوچە “رزگارکراوەکان” و گەڕاندنەوەی ئاوارەکان دەکات، و گوتی پێشتر لە كۆی 148 كەمپی ئاوارە كە هەبوون، ئێستا 28 كەمپ لە سنووری پارێزگای نەینەوا و ئەنبار و هەرێمی كوردستان ماون.