دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ پێنجشەممە، باسم مەنسور، بەڕێوەبەری گشتی فڕۆکەوانی شارستانی سوریا رایگەیاند، رێکخراوی فڕۆکەوانی شارستانی عەرەبی سەر بە کۆمکاری عەرەبی، لایەنی سوریای لە گەڕانەوەی سەرجەم چالاکی و کارەکانی ئاگادار کردۆتەوە، ئەمەش دوای گەڕانەوەی سوریا بۆ کۆمکاری عەرەبی دێت.
بەپێی ئەوەی ڕۆژنامەی نیمچە فەرمیی “ئەلوەتەن” بڵاویکردۆتەوە، “مەنسور” ئاماژەی بەوەداوە کە ئەم هەوڵە وەک داوایەکە لە وڵاتانی عەرەبی تا گەشتەکان بەرەو دیمەشق چالاک بکەنەوە و هانی زۆرێک لە هێڵە ئاسمانییەکان دەدات بۆ پەڕینەوە بە ئاسمانی سوریادا.
لە 7ی مانگی رابردوودا وەزیرانی دەرەوەی عەرەبی لە کۆبوونەوەیەکدا لە قاهیرە سەبارەت بە گەڕانەوەی فەرمی سوریا بۆ کورسییە چۆڵەکەی لە کۆمکاری عەرەبی رێککەوتن.
مەنسور ئاشکرایکرد، لایەنی سعودی رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر داواکارییەک کە سوریا پێشکەشی کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی نێوان هەردوو وڵات، تاوەکو تەواوبوونی ئامادەکارییەکانی “هێڵی ئاسمانی سوریا” و “شام وینگس” بۆ دەستپێکردنەوەیان بەکارکردن.
باسی لەوەشکرد، یەکێک لە هێڵە ئاسمانییەکان دەستیکردووە بە ئەنجامدانی گەشتی فڕۆکەوانی سڤیل لە نێوان دیمەشق و ئەسینای پایتەختی یۆنان.
هەروەها ئاماژەی بەوەداوە کە دواتر ئەم هێڵە دەبەسترێتەوە بە شارەکانی “دوسلدۆرف لە ئەڵمانیا و ستۆکهۆڵم لە سوید”، سەرەتا بەشیوەیەکی هەفتانە، لەگەڵ ئەگەری زیادکردنی ژمارەی گەشتەکان بەزیادبوونی خواست لەلایەن گەشتیارانەوە.
“مەنسوور” ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمپانیاکە گەشتە ئاساییەکانی نێوان ئەسینای پایتەخت و دیمەشق راستەوخۆ ئەنجام دەدات، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت لە کەمکردنەوەی تێچوون و بارگرانی و کێشەکانی گەشتکردن بۆ هەموو دانیشتوانی ئەوروپا، لەڕێگەی بەستنەوەی گەشتەکانی بۆ دیمەشق و زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپا لەڕێگەی ئەسیناوە.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، هێڵی ئاسمانی سوریا دەستیکردووە بە ئامادەکردنی ئۆفیسەکانی لە ریازی پایتەختی سعودییە.
سەرچاوەیەک لە کۆمپانیاکە پێشبینی دەکات گەشتەکان لە کۆتایی ئەم مانگە یان دوای جەژنی قوربان دەستپێبکەن، دوای تەواوکردنی رێکارە تەکنیکییەکان.
لەم دواییانەدا یەکەم فڕۆکەی راستەوخۆ لە سوریا نیضتەوە، کە لە ڤەنزوێلاوە و لە فڕۆکەخانەی کاراکاسەوە هاتبوو، ئەمەش بەبۆنەی گەڕانەوەی هاتوچۆی ئاسمانی نێوان هەردوو وڵات کە نزیکەی 11 ساڵ بوو راگیرابوو.