یونسێف: 315 هەزار منداڵ رووبەڕووی کوشتن و زیانی گیانی بوونەتەوە

هەولێر – نۆرس پرێس

رێکخراوی یونسێف، لە دوایین راپۆرتیدا لەبارەی کاریگەریی جەنگ لەسەر منداڵان لە جیهان رایگەیاند، لە ساڵی 2005 تا 2022، 315 هەزار منداڵ رووبەڕووی کوشتن و زیانی گیانی بوونەتەوە، لەنێویاندا 120 هەزار منداڵ لە جیهاندا کوژراون و بریندار بوون، کە 3119یان لە عێراق بوون.

رێکخراوەکە لێکۆڵینەوەی لە 315 هەزار دۆسیەی منداڵان کردووە، ئەوانەی لەکاتی رووبەڕووبوونەوە چەکدارییەکان لەنێوان ساڵانی 2008 تاوەکو 2022 کوژراون یان زیانی گیانییان بەرکەوتووە، “120 هەزار منداڵیان کوژراون یان برینداربوون؛ 105 هەزاریان لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە بەزۆر کراونەتە سەرباز، 32500یان رفێندراون و 16 هەزاریان رووبەڕووی تووندوتیژیی سێکسی بوونەتەوە.”

هەر بەپێی راپۆرتەکەی یونسێف، لەو ماوەیەدا 16 هەزار هێرش کراونەتە سەر منداڵان و نەخۆشخانەکان و 22 حاڵەتی رێگریکردن لە گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان بە منداڵان هەبووە.

هەروەها دەربارەی منداڵانی قوربانیی رووبەڕووبوونەوە چەکدارییەکان، یونسێف، دەڵێت، “لە ساڵی 2008ـەوە تاوەکو ساڵی 2022 زیاتر لە 9000 منداڵ لە عێراق لە رووبەڕووبوونەوە چەکدارییەکان بوونەتە قوربانی، 3119یان کوژراون و 5938یان بریندار بوون، کە بە تێكڕا دەکاتە رۆژانە منداڵێک.