ساڵی داهاتوو گەشەی ئابووری 2.7٪ بەرزدەبێتەوە

هەولێر – نۆرس پرێس

رێکخراوی هاریکاریی ئابوری و گەشەپێدانی جیهانی، رایگەیاند کە ئابوری جیهان لەساڵی داهاتوودا گەشەی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت، ئەو گەشەیەش لە ئەنجامی بەرزکردنەوەی نرخی سودە کە لەلایەن بانکە ناوەندییەکانی جیهانەوە دەرچووە.

رێکخراوەکە کە بارەگاکەی لە شاری پاریسی فرەنسایە دەڵێت:”لە ساڵی داهاتوودا گەشەی ئابوری 2.7٪ بەرزدەبێتەوە.

بەرزبوونەوەی گەشەی ئابوری جیهانی لە دوای پەتای کۆرۆنا و بەردەوامی جەنگی نێوان ئۆکرانیا و رووسیا دێت کە ئەم هۆکارانە هەڵاوسانی جیهانی بەرزبوونەوەی نرخی وزە و خۆراکی دروستکرد.

عێراقیش بێبەش نییە لە بەرزبوونەوەی گەشەی ئابوری کە لە جیهاندا ئاماژەی پێدەدرێت و هەوڵەکانی بانکی ناوەندی ئەو وڵاتە بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دراوی وڵاتەکە و رێکخستنەوەی سیستمی بانکی بۆ بەرزکردنەوەی ژێرخانی ئابوری وڵاتەکە پلانی چڕی حکومەت و بانکی ناوەندی عێراقە.

ئەنجامەکەشی ئەوە بوو کە رێگری کرد لە دابەزینی زیاتری نرخی دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلار و نرخی دراوەکەی لە بۆرسە جیهانییەکاندا بەرامبەر دۆلار بە 1300 دینار جێگیرکرد.