بڕیارە ئەمڕۆ کۆبونەوەیەکی گرنگ بەمەبەستی پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجە ئەنجامبدرێت

هەولێر-نۆرس پرێس

چوارچێوەی هەماهەنگی کە هێزە سیاسییە شیعەکان کۆدەکاتەوە، بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە کۆبونەوەیەکی “گرنگ” بە ئامادەبونی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەمەبەستی چارەسەرکردنی ناکۆکیەکانی بەردەم پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجە ئەنجامبدات.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەغدا ئاشکرایکردووە، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە چەند کاتژمێری داهاتوودا کۆبونەوەیەکی گرنگ ئەنجام دەدەن، کۆبوونەوەکە بە بەشداری محەمەد شیاع سودانی و لە نوسینگەی هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح دەبێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، کۆبونەوەکە بەمەبەستی دیاریکردنی سیغەیەکی کۆتایی بۆ پرۆژەیاسای بودجە ئەنجامدەدرێت پێش ئەوەی سبەی پێنجشەممە لەکۆبونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر بدرێت، هەر لەو کۆبونەوەیەدا ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمان کە سەر بە کوتلەکانی چوارچێوەی هەماهەنگین بەشدار دەبن. ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیارە پاشنیوەڕۆی سبەی پێنجشەممە دانیشتنێکی تایبەت بە پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵانی 2023 و 2024 و 2025 ئەنجامبدات.