نۆرس پرێس ناوی بەشێک لە نوقمبووانی بەلەمەکەی کەناراوی جەزائیر ئاشکرا دەکات
کۆبانێ – نۆرس پرێس
نۆرس پرێس ناوی بەشێک لە قوربانیانی بەلەمە ژێرئاوکەوتووەکەی کەناراوەکانی جەزائیری یەکشەممەی رابردووی بەدەستکەوت، کە زۆربەیان هاوڵاتیانی رۆژئاوای کوردستانن و خەڵکی شاری کۆبانێن.
بەلەمێک کە نزیکەی 25 کۆچبەری هەڵگرتبوو و زۆربەیان خەڵکی کۆبانێ بوون و ژن و منداڵیشیان تێدابوو، بەرەبەیانی یەکشەممەی رابردوو لە کەناراوەکانی شاری “ئەرهات”ی سەر بە ویلایەتی “تیبازە”ی جەزائیر بەرەو ئیسپانیا بەڕێکەوت.
چالاکوانان و کەسوکاری قوربانیان رایانگەیاند، لەنێو قوربانییەکاندا (مەسعود مستەفا محەمەد تەمەن 34 ساڵ و هاوسەرەکەی عەلا عەبدولڕەزاقی 23 ساڵ و کچەکەیان بەناوی لارین محەمەد 4 ساڵ) هەن، کە خەڵکی شاری کۆبانێ بوون.
کەسوکاریان دەڵێن، تەرمی مەسعود و هاوسەرەکەی گەیشتووەتە نەخۆشخانەیەکی جەزائیر، بەڵام منداڵەکەیان بەناوی “لارین” تا ئێستا بێسەروشوێنە.
لەکاتێکدا سەرچاوە خۆجێییەکان بە نۆرس پرێسیان راگەیاندووە، لەنێو ونبووەکاندا ئەم ناوانە هەن (سەڵاح یوسف 17 ساڵ، یاسمین جەودەت سەعدی، حەلیمە محەمەد مستەفا، فەرمان عادیب دالی “منداڵ و دایکی”، مەحمود کەرەو خەلیل، ئەمیرە محەمەد حەبەش و ئەحمەد کیکۆ) کە هەموویان خەڵکی شاری کۆبانێن.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەنێو ونبووەکاندا شایار خەلیل و هاوسەرەکەی (جەمیلە محەمەد عەلی) و دوو منداڵەکەی بەناوەکانی (ئازاد و ئەیاز) هەن کە خەڵکی شاری عەفرینن.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە کە هێزەکانی پاسەوانی کەناراوەکانی جەزائیر لانیکەم سێ تەرمیان دۆزیوەتەوە و گواستەیانەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی جەزائیر، هاوکات گەڕان بۆ ونبووەکان بەردەوامە.
تەنها (مەحمود محەمەد رەشۆ 17 ساڵ) خەڵکی کۆبانێ و گەنجێکی جەزائیری، لە خنکان رزگاریان بووە، دوای ئەوەی لەلایەن پاسەوانی کەناراوەکانی جەزائیرەوە رزگارکران (بەپێی لێدوانێکی باوکی منداڵەکە بۆ نۆرس پرێس).
باوکی ئەو گەنجە ئاماژەی بەوەشکرد، کە مەحمودی کوڕی ، شەوی دووشەممەی ڕابردوو پەیوەندی پێوەکردوون ، لە ڕێگەی تەلەفۆنێکی سەر بە دەسەڵاتدارانی ئەمنی جەزائیرەوە، و رزگارکردنی لەلایەن پاسەوانی کەناراوەکانی جەزائیرەوە پشتڕاستکردەوە.
بەپێی ئامارەکانی ناوەندی بەڵگەنامەی سەرپێچیەکان لە باکوری سوریا، بەلەمەکە 26 کۆچبەری هەڵگرتبوو کە 18یان سوری بوون کە زۆربەیان خەڵکی کۆبانین و 8 هاوڵاتی جەزائیری و مەغریبیشیان لەنێودا هەبووە.