بە هۆی بەشداریکردنی دیمەشقەوە.. ئەڵمانیا کۆبوونەوەیەکی نێوان یەکێتی ئەوروپا و کۆمکاری عەرەبی هەڵدەوەشێنێتەوە
دیمەشق – نۆرس پرێس
دوێنێ سێشەممە، ئەڵمانیا، هەڵوەشاندنەوەی کۆبوونەوەیەکی راگەیاند کە بڕیار بوو لە 20ی ئەم مانگەدا لە نێوان یەکێتی ئەوروپا و کۆمکاری عەرەبیدا ئەنجام بدرێت، ئەمەش بەهۆی بەشداریکردنی وەزیری دەرەوەی سوریاوە بوو.
لە 7ی مانگی ئایاری رابردوودا، کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی، لە راگەێنراوی کۆتایی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی عەرەبیدا، دەستپێکردنەوەی بەشداری شاندەکانی حکومەتی سوریای لە کۆبوونەوەکانیدا و کۆتاییهێنان بە سڕکردنی ئەندامێتییان راگەیاند.
فرانک هارتمان باڵیۆزی ئەڵمانیا لە قاهیرە لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند: رێز لە بڕیارەکەی کۆمکارەکە دەگرین بۆ گەڕاندنەوەی رژێمی ئەسەد، بەڵام لە هەمان کاتدا هێشتا بنەمایەک بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان بەدی ناکەین.
هارتمان پێشبینی کرد کە “بابەتەکە لە کۆبوونەوەیەکی دوو قۆڵی نێوان سکرتێری گشتیی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی و جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی کاروباری دەرەوەی کۆمیسیۆنی ئەوروپا، کۆتایی پێبێت، بۆ ئەوەی بگەنە شێوازێک بۆ تەواوکردنی دیالۆگەکە، بەبێ ئەوەی وەزیری دەرەوەی رژێمی سوریا ببێت بە بەربەست لەبەردەم ئەم کارەدا”.
ناوبراو هێمای بۆ ئەوە کرد کە “هیچ شتێک بە بڕیارنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە سوریا رووینەداوە، کە جەخت لەسەر پێویستی رژێم بۆ باشترکردنی دۆخی ناوخۆیی سوریا و گەڕاندنەوەی پەنابەران و بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان دەکاتەوە”.
بەرلین هەمیشە رەتکردنەوەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دیمەشق دەربڕیوە وتا ئێستا حکومەتی ئەڵمانیا هێشتا هیچ زەمینەیەک نابینێت بۆ هەنگاونان بەرەو ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ حکومەتی سوریا دوای گەڕانەوەی بۆ کۆمکاری عەرەبی.