کۆنگرێس بەرەو بەیاساییکردنی سزادانی ئەو وڵاتە عەرەبییانە هەنگاو دەنێت کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەسەد ئاسایی کردوەتەوە
دیمەشق – نۆرس پرێس
یاسادانەرانی ئەمریکا بەردەوامن لە لێکۆڵینەوە لە پرۆژەیاسایەک کە رەنگە وڵاتانی کەنداو بکاتە ئامانج و سزاکانی سەر سوریا توندتر بکاتەوە و رێگری لە رەوتی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ “رژێمی بەشار ئەسەد”دا بکات.
لیژنەی دەرەوە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە ناوەڕاستی مانگی ئایاردا پڕۆژە یاسای “رووبەڕووبوونەوەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ دیمەشق”ی پەسەند کردبوو و بەمەش قۆناغی یەکەمی بەیاساییکردنی پڕۆژەکە تێپەڕی.
لە ئەگەری بەدەستهێنانی رەزامەندی زۆرینە لەسەر پرۆژەکە لە هەردوو ئەنجومەنی (نوێنەران و پیران)، پرۆژەکە دەخرێتە سەر مێزی جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا بۆ پەسەندکردنی کۆتایی.
ئەم پرۆژەیە مانگی رابردوو لەلایەن “جۆ ویلسۆن”ی پەرلەمانتاری ئەمریکا و نزیکەی35 هاوکارەکەیەوە پێشکەشکرا، کە مەودای یاسای قەیسەر فراوانتر دەکات کە پاکێجێکی سزای توندی بەسەر سوریادا سەپاند لە ساڵی 2020دا.
ئەم رێوشوێنە نوێیە کە بە “یاسای دژە ئاساییبوونەوە لەگەڵ رژێمی ئەسەد بۆ ساڵی 2023” ناسراوە، سزای وڵاتانی عەرەبی وەک سعودییە، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و ئەوانی دیکە دەدات، کە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان لەگەڵ دیمەشق ئاسایی کردوەتەوە و ئەگەر وەبەرهێنان لە سوریا بکەن، ئەوا سزاکان دەیانگرێتەوە.
پڕۆژەکە لە دوای هەوڵەکانی ئاساییکردنەوەی بەکۆمەڵ لە نێوان وڵاتانی عەرەبی و سوریادا دێت، بە پێچەوانەی داواکانی ئەمریکاوە کە رەتیدەکاتەوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ دیمەشق ئاسایی بکاتەوە و ئەو وڵاتانەی سەرکۆنە دەکات کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دیمەشق ئاسایی دەکەنەوە بەبێ ئەوەی “رژێمی سوریاهەنگاو بنێت بەرەو گۆڕینی رەفتارەکانی و دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی بۆ قەیرانی سوریا.”
ئەگەر ئەم پرۆژە ببێتە یاسا، پێداچوونەوە بە سزا داراییە پێشبینیکراوەکان لە هەر کاتێکدا دەکرێت کە هەروڵاتێک وەبەرهێنان، یارمەتی، گرێبەست یان بەخشینی زیاتر لە 50 هەزار دۆلار بۆ بەشێک لە سوریا ئەنجام بدات کە لەلایەن حکومەتی دیمەشق لێی سودمەند بێت.
بەڵام تا ئێستا نازانرێت کەی ئەو رێوشوێنانە لە هەردوو ئەنجومەنەکە و لە کۆشکی سپی جێبەجێ دەکرێن.
ئەم رەشنووسە بە یەکێک لە توندترین یاساکانی پەیوەست بە سوریا دادەنرێت، لە دوای پەسەندکردنی یاسای قەیسەر لە ساڵی 2019 دا، بەو پێیەی رێگری دەکات لە حکومەتی ئەمریکا دان بە هەر حکومەتێکدا بنێت کە بەشار ئەسەد سەرۆکایەتی بکات، هەروەها سزای هەر لایەنێک دەدات کە پەیوەندییەکانی لەگەڵیدا ئاسایی بکاتەوە.
ئەم پڕۆژەیە ستراتیژیایەکی ساڵانە بۆ ماوەی پێنج ساڵ دادەڕێژێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاساییبوونەوە لەگەڵ دیمەشق لەلایەن ئەو وڵاتانەی کە هەنگاویان لەم رووەوە ناوە.
هەروەها لە هەر ئاژانس یان دەزگایەکی حکومەتی فیدراڵی قەدەغە دەکات کە دانپێدانان یان ئاساییبوونەوە لەگەڵ هەر حکومەتێک لە سوریا بکات بە سەرۆکایەتی ئەسەد.
لە دیدگایەکی تردا کە رەنگە گوشارەکانی رۆژئاوا بۆ سەر وڵاتانی عەرەبی سوک بکات، ئەو باوەڕەیە کە وڵاتانی عەرەبی هیچ بەڵێنێکی دارایی گشتییان نەداوە بۆ ئاوەدانکردنەوەی سوریا لە میانی لوتکەی کۆمکاری عەرەبیدا. بەڵکو فشار دەخەنە سەر دیمەشق بۆ ئەوەی بەرهەمهێنان و قاچاخچێتی ماددەی هۆشبەری کاپتاگۆن و پرسەکانی دیکەی پەیوەست بە ئاسایشی سنوورەکان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و پەنابەرانی سوریا رابگرێت.