بەرپرسێکی بەریتانی: رەنگە لە ماوەی دوو ساڵدا زیرەکی دەستکرد “مرۆڤ لەناوببات”.
هەولێر – نۆرس پرێس
ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، لەبارەی تەکنەلۆجیاوە رایگەیاندووە، زیرەکی دەستکرد دەتوانێت هێندە بەهێز بێت کە بتوانێت تەنها لە ماوەی دوو ساڵدا “زۆرێک لە مرۆڤەکان لەناوببات”.
رۆژنامەی “The Independent”ی بەریتانی لە میانی بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا لە زاری مات کلیفۆردەوە نووسیویەتی: “ئەگەر بەرهەمهێنەران و گەشەپێدەرانی زیرەکی دەستکرد لەسەر ئاستی جیهانی رێکنەخرێن، رەنگە سیستەمی ‘زۆر بەهێز’ سەرهەڵبدات کە مرۆڤەکان خەبات دەکەن بۆ کۆنترۆڵکردنی”.
روونیشیکردەوە، “زیرەکی دەستکرد ئەمڕۆ توانای دروستکردنی چەکی ئەلیکترۆنی هەیە بۆ دەستپێکردنی هێرش بە قەبارەیەکی گەورە، یان چەکی بایۆلۆجی کە دەتوانێت ببێتە هۆی مردنی ملیۆنان کەس لە جیهاندا”.
گوتیشی: “تەنانەت مەترسییەکانیش لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا بەدەردەکەون”.
کلیفۆرد پێشبینی دەکات لە ماوەی دوو ساڵدا سیستەمی زیرەکی دەستکرد، زیرەکی مرۆڤ تێدەپەڕێنێت، ئاماژە بەوە دەکات کە تواناکانیان بە خێرایی و بەردەوام پەرەدەسەنن.
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەیەوێت وڵاتەکەی میوانداری دەزگایەکی چاودێری نێودەوڵەتی بکات بۆ زیرەکی دەستکرد، بەدرێژایی هێڵەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی.