هەولێر- نۆرس پرێس
مایکرۆسۆفت دەبێت 20 ملیۆن دۆلار غەرامە بدات بۆ ئەوەی کۆتایی بەو داوا یاساییە بهێنێت کە لەلایەن دەزگای پاراستنی بەکاربەرانی ئەمەریکاوە لەسەری تۆمارکراوە، کە ئەویش بەهۆی کۆکردنەوەی زانیارییە کەسییەکانی منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی بەبێ ڕەزامەندی دایک و باوکيان.
لەڕاگەیەنراوێکدا لیژنەی بازرگانی فیدڕاڵی بڵاویکردەوە، کە مایکرۆسۆفت تۆمەتبار دەکات بەوەی لە نێوان ساڵانی 2015 بۆ 2020 زانیاری کەسی منداڵان و هەرزەکارانی خوار تەمەنی 13 ساڵی کۆکردۆتەوە کە لە پلاتفۆرمی یارییە ئۆنلاینەکانی کۆنسۆلی “Xbox” تۆمارکراون بەبێ ئاگادارکردنەوە و وەرگرتنی رەزامەندی دایک و باوکیان.
منداڵ بۆئەوەی ئەکاونتێک دروستبکات پێویستە بەکارهێنەر ناو و پاشناو و ئیمەیڵ و بەرواری لەدایکبوون بخاتەڕوو، لیژنەی بازرگانی فیدڕاڵی باسی لەوەکردووە، مایکرۆسۆفت یاسای پاراستنی نهێنی منداڵانی ئۆنلاین (COPPA) پێشێل کردووە.
سامویل لیڤاین سەرۆکی لیژنەی بازرگانی فیدڕاڵی رایگەیاندووە، ئەو بڕیارەی ئێمە پێشنیاری دەکەین ڕێگە بە دایک و باوکان دەدات کە پاراستنی نهێنی زانیارییەکانی منداڵەکانیان لە ئێکس بۆکسدا بپارێزن و ئەو زانیاریانە سنوردار دەکات کە مایکرۆسۆفت دەتوانێت سەبارەت بە منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی کۆیان بکاتەوە.
لە بەیاننامەکەیدا FTC ئاماژەی بەوەکردووە، مایکرۆسۆفت پێویستی بە چەندین هەنگاو دەبێت بۆ زیاتر پاراستنی نهێنی ئەو منداڵانەی کە پلاتفۆرمی ئێکس بۆکس بەکاردەهێنن.
بەپێی یاسای پاراستنی نهێنی منداڵان بە شێوەی ئۆنلاین، خزمەتگوزاری و ماڵپەڕە ئۆنلاینەکان کە بۆ منداڵانی خوار تەمەنی 13 ساڵ دانراون، پێویستە دایک و باوک لەو زانیارییە کەسییانەی کە کۆیان دەکەنەوە ئاگادار بکەنەوە و ڕەزامەندیان وەربگرێت.
لای خۆیەوە وتەبێژی مایکرۆسۆفت بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، ئێکس بۆکس پابەند دەبێت بە فەرمانی دەزگاکە و پرۆسەیەکی نوێی پشتڕاستکردنەوەی ناسنامە و تەمەن پەرەپێدەدات بۆ ئەوەی ئەزمونی گونجاو لەگەڵ تەمەندا پێشکەش بکات.