هەولێر – نۆرس پرێس
هەناردەى تورکیا بۆ عێراق کەمى کردووە، وەزارەتى دەرەوەى عێراقیش دەڵێت، چاویان لەوەیە پەرە بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەنقەرە بدەن.
دەستەى ئامارى تورکیا ئاشکراى کرد، لە ماوەى چوار مانگى سەرەتاى ئەمساڵ، تورکیا بە بەهاى 3 ملیار و 680 ملیۆن دۆلار کاڵا و شمەکى هەناردەى عێراق کردووە.
بەگوێرەى داتاکانى ئەو دەستەیە، هەناردەى تورکیا بۆ عێراق لەو ماوەیەدا بەراود بە چوار مانگى سەرەتاى ساڵى ڕابردوو، بە رێژەى 11.8% کەمى کردووە.
هاوکات، ئەحمەد سەحاف، وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى عێراق ڕایگەیاندووە، پەیوەندییەکانی بەغداد و ئەنقەرە لە هەموو بوارەکاندا پەرەی سەندووە و دەیانەوێت لە قۆناغی نوێدا هاوکارییەکانیان لە بوارەکانی ئابووری و پەرەپێدان و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر زیاتر بکەن.
سەحاف ئەوەشى خستوەتەڕوو، قەبارەی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات لە زیادبووندایە.