هەواڵگیری عێراق بازرگانێکی ماددەی هۆشبەریان دەستگیرکردووە کە براکەی خۆی کۆشتووە

هەولێر- نۆرس پرێس

ئەمڕۆ سێشەممە دەزگای هەواڵگیری و بەشی لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، بازرگانێکی ماددەی هۆشبەریان دەستگیرکردووە کە براکەی خۆی لە یەکێک لە ناوچەکانی بەغدای پایتەخت کۆشتوە.

دەزگای هەواڵگیری و بەشی لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەسەر بنەمای زانیاری هەواڵگیری، دەزگای هەواڵگیری و لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی لە وەزارەتی ناوخۆ توانیویەتی لە ماوەی 48 کاتژمێردا، بازرگانێکی ماددە هۆشبەرەکان دەستگیر بکات کە براکەی خۆی لە پارێزگای بەغدا کوشتووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، دەستگیرکردنی ئەو بازرگانە لەسەر بنەمای زانیاری و لەچوارچێوەی بۆسەیەکی وردی مەفرەزەکانی دەزگای هەواڵگیری بووە.

ئەوەشی خستەڕوو، لەئێستادا رێکاری یاسایی بەرامبەر بەتۆمەتبارەکە گیراوەتەبەر و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆکراوەتەوە، پاش رێکارە سەرەتاییەکان رەوانەی دادگا دەکرێت، بەمەبەستی وەرگرتنی سزای یاسایی.