هەولێر – نۆرس پرێس
رۆژی دووشەممە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکومەتی ئێران لە سنووری شاری نەوسوود، عەلی حوسێنی، تەمەن 17 ساڵ، کاوان حوسێنی، تەمەن 18 ساڵ، سۆران دانشی و کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی شوان برینداربوون.
بەپێی رێکخراوی هەنگاو بۆ مافی مرۆڤ، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی عەلی حوسێنی، تەمەن 17 ساڵ و سۆران دانشی تەمەن 20 ساڵ کە هەردووکیان خەڵکی گوندی “بلەبزان”ی سەر بە شاری پاوە بوون و هەروەها دوو کۆڵبەری دیکە بە ناوەکانی کاوان حوسێنی، تەمەن 18 ساڵ، خەڵکی گوندی “دەشە” و شوان کە ئەمەیان ناوبانگی هێشتا بۆ هەنگاو ڕوون نەبووەتەوە، تەمەنی 35 ساڵە و خەڵکی گوندی ساتیاری ی سەر بە شاری پاوەیە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکومەتی ئێران لە بەرزایییەکانی سنووری شاری نەوسوود بریندار بوون.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار کە بۆ رێکخراوی هەنگاو قسەی کردووە، بە تەقەی هێزە حکومەتییەکان لە سنووری نەوسوود، لاقی عەلی حوسێنی بریندار بووە، سۆران دانشی کوڵۆکی سمتی (لگن) بریندار بووە، کاوان حوسێنی پشت و کەمەری بریندار بووە و هەروەها شوانیش بەسەختی بریندارە.
دوای برینداربوونی ئەو چوار کۆڵبەرەی خەڵکی شاری پاوە، بە مەبەستی دەرمانکردن و چارەسەری پزیشکی گواستراونەتەوە بۆ شاری هەڵەبجەی هەرێمی کوردستان.