هەولێر- نۆرس پرێس
ئەمڕۆ سێشەممە بانکی ناوەندی عێراق ڕایگەیاند، لە ماوەی پێنج مانگی ڕابردودا، زیاتر لە 58 ملیار دیناری عێراقی سزا بەسەر بانک و دامەزراوە نابانکییەکان و کۆمپانیای ئاڵوگۆڕدا سەپێنراون.
بەگوێرەی خشتەیەکی بانکی ناوەندی، ئەو غەرامەی لە ماوەی پێنج مانگی ڕابردودا بەسەر بانک و کۆمپانیا داراییەکاندا سەپێنراوە، لە مانگی کانونی دووەمی ئەمساڵ تا کۆتایی مانگی ئایار بڕی 58 ملیار و 70 ملیۆن و 584 هەزار و 977 دینار بووە.
لە خشتەکەدا دەرکەوتوە، لە مانگی نیسانی ئەمساڵ زۆرترین سزای غەرامە بۆ بانک و دامەزراوە ناداراییەکان سەپێندراوە، بەو پێیەی لەو مانگەدا 17 ملیار و 440 ملیۆن و 383 هەزار و 447 دینار پێبژاردن هەبووە، لەگەڵ 17 سزای کارگێڕی، لەکاتێکدا مانگی کانونی دووەم کەمترین غەرامەی بەخۆیەوە بینیوە کە بڕی 9 ملیار و 570 ملیۆن و 15 هەزار و 947 دینار بووە، 50 سزای کارگێڕیش هەبوون.
لە خشتەکەدا ناوی ئەو بانکانە نەخراوەتەڕوو کە غەرامە و سزای کارگێڕییان بەسەردا سەپێنراوە، کۆمەڵەی وەبەرهێنەران لە بۆرسەی عێراق لە سەرەتای مانگی حوزەیران ڕەخنەی ئەوەی گرتبوو کە بانکی ناوەندی عێراق غەرامەی لەسەر بانکەکان زیاد کردووە، ئاماژەی بەوەدا کە کاریگەری لەسەر قازانجی وەبەرهێنەران لە پشکەکانی ئەو بانکانەدا دەبێت.
ئەوەشی خستەڕوو، بانکی ناوەندی لە ماوەی چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا 134 غەرامەی بە بەهای 347 ملیار دینار سەپاندووە، کە ژمارەیەکی زۆرە و کاریگەری بەسەر قازانجی بانکەکان و وەبەرهێنەرانی بچوک لە بازاڕی بۆرسەی عێراقدا هەیە.