تەقاندنەوەی بەنداوی خیرسۆن.. کارەساتێکی نوێی جەنگ لە ئۆکرانیا

هەولێر – نۆرس پرێس

بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، بەنداوێکی گەورە لە ناوچەی خیرسۆنی باشووری ئۆکرانیا، کە لە  ژێر دەسەڵاتی رووسیادایە، تەقیەوە، ئەمەش بووە هۆی چۆڵکردنی بەکۆمەڵ و ترسی لەناوچوونی بەرفراوانی بەدوای خۆیدا هێنا.

راستەوخۆ دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی تەقینەوەی بەنداوەکە بە ناوی “نۆڤا کاخۆڤا” لەسەر رووباری دنیپرۆ لە خیرسۆن، ئۆکرانیا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ هێزەکانی رووسیای بە ئەنجامدانی کردەوەیەکی “جینۆسایدی ژینگەیی” تۆمەتبار کرد.

بەڵام مۆسکۆ دەستبەجێ بەرپرسیارێتی بۆردومانەکەی لە ئەستۆ نەگرت، هەروەها ئەو بەرپرسانەی کە لەلایەن رووسیاوە لە خێرسۆن دانراون، تەقاندنەوەی بەنداوەکەیان سەرکۆنەکرد.

داوا لە دانیشتوانی ناوچەکانی ئەودیوی بەنداوەکە کراوە کە “هەموو شتێک بکەن بۆ رزگارکردنی ژیانیان”، بەپێی گوتەی بەرپرسی ئیدارەی سەربازی ناوچەی خیرسۆن، لەکاتێکدا لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا دەرکەوتووە کە لافاوێکی ئاو لە ناوچەی شکانی دیواری گەورەی بەنداوەکەوە دەڕژێت.

گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە سۆشیال میدیا بڵاوکراوەتەوە، دیواری وێرانبووی بەنداوەکە و لافاوێکی خێرای ئاوی بەنداوەکە پیشان دەدات، کە دەڕژێتە ناو ڕووبارەکەوە، هەروەها چەندین باڵەخانەی دەروازەکە دەردەکەوێت، کە زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە.

بەنداوی “نۆڤا کاخۆڤا” ئاوی رووباری دنیپرۆ گلدەداتەوە، یەکێکە لە رووبارە گەورەکان کە بە باشووری رۆژهەڵاتی ئۆکرانیادا تێدەپەڕێت، لە خوارەوەی رووبارەکە چەندین شارۆچکە و شار هەیە، لەوانەش خیرسۆن، شارێک کە ژمارەی دانیشتووانی زیاترە لە چارەکە ملیۆنێک.

گوتەبێژی ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، زێلینسکی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایش و بەرگریی نیشتمانی ئۆکرانیا ئەنجام دەدات بۆ تاوتوێکردنی مەترسییەکانی رووخانی بەنداوەکە.

ئەندریە یەرماک، بەرپرسی نوسینگەی سەرۆکی ئۆکرانیا دەڵێت: “رووسەکان بەرپرسیار دەبن لە ئەگەری بێبەشکردنی خەڵکی باشووری ناوچەی خیرسۆن و نیمچە دوورگەی قەرەم لە ئاوی خواردنەوە، هەروەها لە ئەگەری لەناوچوونی هەندێک کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون و ژینگەی زیندووی دەوروبەری”.

ئیدارەی سەربازی ئۆکرانیا لە ناوچەی خیرسۆن لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، ئاوەکە “لە ماوەی پێنج کاتژمێردا دەگاتە ئاستێکی مەترسیدار”، هەروەک روسیایان تۆمەتبارکرد بە ئەنجامدانی “کردەوەیەکی تیرۆریستی”.

وەزارەتی ناوخۆی ئۆکرانیا رایگەیاند، یەکەکانی پۆلیسی نیشتیمانی و دەزگای فریاکەوتنی دەوڵەتی ئۆکرانیا لە ناوچەی خێرسۆن خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆ ئاگادارکردنەوە و چۆڵکردنی خەڵکی سڤیل لەو ناوچانەی کە ئەگەری لافاویان لێدەکەوێتەوە.

لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو، دەسەڵاتداران داوایان لە هەموو کەسێک لە ناوچەی لافاوەکە کرد، سەرجەم ئامێرە کارەباییەکان بکوژێننەوە، بەڵگەنامە و پێداویستییەکانی خانەوادەکانیان هەڵبگرن، ئاگاداری خێزان و ئاژەڵە ماڵیەکانیان بن، هەروەها پابەندی رێنماییەکانی فریاگوزاری و پۆلیس بن.

بەدرێژایی جەنگ لە ئۆکرانیا، مۆسکۆ و کیێڤ یەکتر تۆمەتبار دەکەن بە پیلانگێڕی بۆ تەقاندنەوەی بەنداوەکە، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سۆڤیەت.

پێدەچێت لافاوی ئاوی بەفیڕۆچوو وێرانکاری لە دەوروبەری شاری خیرسۆن و ناوچە نیشتەجێیەکانی دیکە بەدرێژایی رووباری دنیپرۆ دروست بکات.

بەنداوەکە بەشێکی گرنگی ژێرخانی وڵاتەکەیە و نزیکەی 18کیلۆمەتر سێجا ئاوی تێدایە.

بەنداوەکە ئاو بۆ بەشێکی زۆری دانیشتووانی باشووری ڕرۆژهەڵاتی ئۆکرانیا و نیمچە دوورگەی قەرەم دابین دەکات، کە رووسیا لە ساڵی 2014دا لکاندی بە وڵاتەکەیەوە.

هەروەها ئاو بۆ وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژیا دابین دەکات کە لە بەشی سەرەوەی رووبارەکەدا هەڵکەوتووە و لە ژێر کۆنترۆڵی رووسیادایە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر