پسپۆڕی گواستنەوەی یاریزانان: بێنزیما گرێبەستی لەگەڵ ئیتیحاد تاوەکو ساڵی 2025 واژۆ کرد
هەولێر – نۆرس پرێس
فابریزیۆ رۆمانۆی پسپۆر لە بواری گواستنەوەی یاریزانان، چەند کاتژمێرێک لەمەوبەر ئاشکرایکرد، کەریم بێنزیمای ئەستێرەی فەرەنسی گرێبەستێکی لەگەڵ یانەی ئیتیحادی سعودی واژۆکردووە کە تاوەکو ساڵی 2025 درێژەی دەبێت.
فابریزیۆ رۆمانۆ لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر ئاماژەی بەوەکردووە، گرێبەستەکە بژاردەی درێژکردنەوەی بۆ وەرزێکی دیکەش لەخۆدەگرێت.
یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی رۆیشتنی ئەفسانەی فەرەنسی خۆی، کەریم بێنزیما راگەیاند، دوای 14 ساڵ یاریکردن لەگەڵ یانە شاهانەییەکە و هەموو نازناوێکی ئەگەری بەدەستهێناوە.
یانەی ریال مەدرید قۆناغی بێنزیمای بە “لەبیرنەکراو” وەسف کرد، ئەستێرە فەرەنسییەکە بە “یەکێک لە ئەفسانەی گەورەکانی تیپەکەی” دادەنێت.
بێنزیما لە ساڵی 2009 پەیوەندی بە یانەی ریاڵ مەدریدەوە کرد، و 14 وەرزی لەگەڵ تیپەکە یاری کرد، لەو ماوەیەدا توانیویەتی 25 نازناو بەدەستبهێنێت، ئەمەش ژمارە پێوانەییە بۆ هەر یاریزانێک لە یانە ئیسپانییەکەدا. لەنێو نازناوەکانیدا 5 خولی پاڵەوانانی ئەوروپا و 5 جامی جیهانی یانەکان و 4 پاڵەوانێتی خولی ئیسپانیا(لالیگا)ی هەیە.