وێستگەی ئاوی مشتەنوور کە ئاوی هەزار ماڵی کۆبانێ دابیندەکات تەواوکرا

کۆبانێ – نۆرس پرێس

بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی کۆبانێ لە باکوری سوریا رایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە، 5ی حوزەیرانی 2023، کارکردن لە پرۆژەی دروستکردنی وێستگەی ئاوی گردی مشتەنوور تەواو کرا و لە ماوەی هەفتەیەکدا بە تۆڕی سەرەکی دەبەسترێتەوە، بۆ ئەوەی ئاو بۆ هەزار ماڵی نێو شاری کۆبانێ دابین بکات.

وێستگەی مشتەنوور توانای هەڵگرتنی 1400 مەتر سێجا ئاو هەیە.

مەسعوود بۆزی، هاوسەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی کۆبانێ بە نۆرس پرێسی راگەیاند، کارەکانی دروستکردنی وێستگەکە تەواو بووە و لە رۆژانی داهاتوودا کار بۆ بەستنەوەی وێستگەکە بە هێڵی سەرەکی ئاوی کۆبانێ ئەنجامدەدرێت.

بەڕێوەبەرایەتی ئاو لە 17ی تشرینی یەکەمی 2022 دەستیکرد بە دروستکردنی وێستگەی ئاوی گردی میشتەنوور و بڕیاربوو لە ماوەی 6 مانگدا تەواوبکرێت.

بۆزی ئاماژەی بەوەشکرد، بوومەلەرزەی 6 شوبات و بەردەوامی بۆردومانەکانی تورکیا، بوونە هۆی دواکەوتنی دروستکردنی وێستگەکە لە کاتی دیاریکراو.

هاوسەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی کۆبانی گوتی: “بریارە وێستگەی مشتەنوور ئاوی خواردنەوە بۆ چوار گەرەکی شاری کۆبانێ (شەهید کاوا، مشتەنوور، بۆتانی رۆژهەڵا و موکتەلە) دابین بکات، کە تاوەکو ئێستا لەو چوار گەرەکە کێشەی ئاوی خواردنەوە هەبووە.

تێچووی پڕۆژەکە لە سەرجەم قۆناغەکانیدا 211 هەزار دۆلار بووە.