جووتیارانی ڕەقە و کۆبانێ بەرەو حەسەکە دەچن بۆ ئەوەی بەرهەمی گەنمی ئەم ساڵ ڕادەستی ناوەند و سایلۆیەکانی حەسەکە بکەن
حەسەکە – نۆرس پرێس
دوێنێ شەممە، سەدان بارهەڵگری بەرهەمی گەنم لە شار و شارۆچکەکانی کۆبانێ و ڕەقەوە بەرەو سایلۆ و ناوەندەکانی وەرگرتن لە شاری حەسەکە ڕویشتن بۆ ئەوەی بەرهەمی گەنمی جووتیاران وەربگرن، دوای ئەوەی سایلۆکانی شارەکانی ڕەقە و کۆبانێ زورترین بەرهەمی گەنمیان وەرگرتووە.
هەروەها ڕێزی ئەو بارهەڵگرانەی کە لە شارەکانی کۆبانێ و ڕەقەوە دەهاتن، لە بازنەی سەباغەوە لە ناو شاری حەسەکە تا شارۆچکەی توینە کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای شارەکە و بە دووری نزیکەی 12 کم درێژ بوونەتەوە.
محەمەد ئیبراهیم، شۆفێری بارهەڵگرە و خەڵکی گوندەوارەکانی کۆبانێیە، بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، لە ناوچەی کۆبانی 3 سایلۆمان هەیە، خەریکە پڕدەبن لە بەروبووم، هەروەک چۆن سایلۆکانی ڕەقەش خەریکە پڕدەبن لە وەرگرتنی بەرهەم.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەدان ئۆتۆمبێل تا ئێستاش لەسەر ڕێگاکە بەرەو سایلۆکان و ناوەندەکانی وەرگرتنی گەنم دەڕون بۆحەسەکە،ئەمەش دەرئەنجامی ئەوەیە کە وەرزەکە باش بووە.
هەروەها باسی لەوەشکرد، کە سەرەتای ئۆتۆمبێلەکان له نزیک سایلۆکانی تل حەجەرەوە درێژبونەتەوە و کۆتایەکەش تا شارۆچکەی توینە ، پێشبینیش دەکرێت لە چەند کاتژمێرەکانی داهاتوودا ژمارەی ئۆتۆمبێله بارهەڵگرەکان بەشێوەیەکی بەڕچاو زیاد ببن.
سەبارەت بە کرێی ڕێگاوبان و تێچووی ڕاگرتنی بارهەڵگرەکان بۆ چەند ڕۆژێک لەبەردەم سایلۆکان بۆ گەیاندنی بەروبوومەکە، ڕوونیکردەوە کە کڕێیەکانیان 200 دۆلار بووە لە گوندەوارەکانی کۆبانییەوە بەرەو سایلۆکانی جەلەبییە، هاوکات 600 دۆلار زیادکراوە دوای ئەوەی لە سایلۆکانەوە لە جەلەبییە بۆ حەسەکە گواسترانەوە، بەجۆرێک کە کرێی گواستنەوەی بەروبوومەکە بۆ ئۆتۆمبێلەکەم 800 دۆلار بووە، لەگەڵ زیادکردنی 25 دۆلار بۆ هەر وەستانێکی 24 کاتژمێری.
ئیبراهیم باسی لەوەکرد کە پێویستە بەرێوەبەرایەتی خۆسەر پرۆسەی وەرگرتنی بەرهەم خێراتر بکات، چونکە بۆ هەر ڕۆژێکی زیادە جووتیارەکە ناچارە 25 دۆلار بداتە خاوەنی بارهەڵگرەکە.