شەش ژنی دیلی ئێزیدی لە چنگی داعش رزگارکران و لە سوریاوە گەڕینرانەوەی بۆ هەولێر

هەولێر – نۆرس پرێس

دوێنێ شەممە، نادیە موراد، چالاکوانی ئێزیدی، رزگارکردنی 6 ژنی ئێزیدیی لە چنگی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) راگەیاند کە لە ساڵی 2014ەوە داعش بەدیلی گرتوون.

ئەو چالاکوانە لە روپەڕی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردەوە، 6 ژن کە لە سوریاوە گواستراونەتەوە بۆ هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، لە تەمەنی منداڵی یان هەرزەکاریدا لەلایەن ئەندامانی رێکخراوەکەوە گیراون و لە عێراقەوە گواستراونەتەوە بۆ سوریا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو ژنانە دوای ئەنجامدانی پشکینی دەروونی و کۆمەڵایەتی رادەستی خێزانەکانیان دەکرێنەوە.

لە راگەینراوەکەیدا ئاماژەی بە ڕۆڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە لە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی ئەو ژنانەدا و هیچ باسێکی رۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکراتی نەکردووە.

ئەو چالاکوانە ئێزیدییە باسی هیچ وردەکارییەکی دیکەی لەبارەی رزگارکردنی ئەو ژنانەوە نەکردووە.

نادیە موراد، چالاکوانی ئێزدی، براوەی خەڵاتی نۆبڵە، رزگاربووی دەستی جینۆساید و توندوتیژی سێکسیە و باڵیۆزی نیازپاکیی نەتەوە یەکگرتووەکانە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان