لە هێرشێکی داعشدا لە دیالە چوار سەربازی سوپای عێراق گیانیان لەدەستدا

هەولێر- نۆرس پرێس

درەنگانی شەوی رابوردوو چەکدارانی داعش لە سنووری پارێزگای دیالە هێرشیان کردە سەر سوپای عێراق لە نزیک قەرەتەپە بەهۆیەوە چوار سەربازی عێراق کوژران و چواری دیکەش برینداربوون.

ئاژانسی شەفەق نیوس لە زاری سەرچاوەیەکەوەکی سەربازیەوە رایگەیاند کە سەرانی داعش کەمینێکی بۆمبی چێنراویان بۆ فیرقەی یەکی لیوای 53 داناوە، لە کاتی تێپەڕبوونیاندا بۆ گوندی کەشکۆڵ، بۆ پشتیوانی کردنی خاڵێکی سەربازی سوپاکەیان کە بە قەناس هێرشیان کرابووەسەر.

بە وتەی ئاژانسەکە، بەم هۆیەوە ژمارەی قوربانیەکان بەرزبوەوە بۆ 4 کوژراو و 4 بریندار.

لە لایەکی ترەوە شەماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ئاسایشی کوڵەجۆ بە میدیایی ناوخۆیی رووداوی راگەیاندبووکە “هێرشەکەی چەکدارانی داعش بۆسەر لیوای 53ـی فەوجی دووی سوپای عێراق بووە و بەهۆیەوە پێنج سەرباز کوژراون و سێ سەربازی دیکەش برینداربوون”

بە گوتەی شەماڵ عەبدولڕەحمان، کوژراوەکان ناویان: “هەیسەم کەریم، حامید عەبدولزەید، حوسێن دەروێش، کەرار ئیبراهیم، نەجاح حەمەد” ە.

چالاکیەکانی داعش تا دێت لە ناوچە جیاکانی پارێزگای دیالە زیاد دەکات، بە تایبەت لە شەودا، لەمبارەوە بەردەوام حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆشداری داوە، دوێنێ لە سەردانێکیدا بۆ واشنتن، وەزیری پێشمەرگەی هەرێم شۆڕش ئیسماعیل بە میدیاکانی راگەیاند کە “داعش هێشتا هەڕەشەیەکی جیدییە بۆ ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە.”