ژمارەیەك بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیركران

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ شەممە بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای کەرکوک رایگەیاند، هێزەکانیان بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، پێنج کەسیان بەتۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان لە کەرکوک و هەولێر دەستگیر کردووە.

پۆلیسی پارێزگای کەرکوک لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی بەرپرسی پۆلیسی پارێزگای کەرکوک و بەڕێوەبەری گشتی کۆنتڕۆڵی ماددە هۆشبەرەکان، مەفرەزەکانی بەرێوەبەرایەتی مادەی هۆشبەر و کۆنتڕۆڵکردنی ماددە هۆشبەرەکان، بە فەرمانی بەڕێوەبەری کۆنتڕۆڵی ماددە هۆشبەرەکانی کەرکوک، بە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئەمنی لە هەرێمی کوردستان، توانیان چوار تۆمەتبار کە یەکێکیان ئافرەتە بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان ناوچەی “دور فەیلەق” دەستگیر بکەن.

ئاماژەی بەوەشکردوە، دوای لێپرسینەوە لەگەڵ تۆمەتبارەکان، دانیان بەوەدا ناوە کە مادەی هۆشبەریان لە بازرگانێک لە پارێزگای هەولێر کڕیوە، بۆئەو مەبەستە و لەڕێگەی بۆسەیەکەوە، مەفرەزەکان توانیویانە بازرگانێکی سەرەکی مادەی هۆشبەرەکان دەستگیربکەن، هەروەها دەستیش بەسەر دوو کیلۆ مادەی هۆشبەردا بگرن.

ئەوەشی خستەڕوو، بازرگانەکە نیشتەجێی قەزای شەقڵاوەیە و لەگەڵ دەستگیرکردنیشیدا، دەستبەسەر چەندین جۆرە چەک و کەرەستەی جۆراوجۆردا گیراوە، بە پێی مادەی (32-28) ماددەی هۆشبەرەکان لەئێستادا سەرجەمیان راگیراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.