دوای مانگێک.. وێستگەی ئاوی عەلوک دەگاتە حەسەکە

حەسەکە – نۆرس پرێس

بەرەبەیانی ئەمرۆ شەممە، 3ی حوزەیرانی 2023، ئاوی وێستگەی عەلووک لە سەرێ کانی گەیشتە شاری حەسەکە، دوای بڕانی ئاوەکە بۆ نزیکەی مانگێک.

شاری حەسەکە و گوندەوارەکانی شایەتی پچڕانی بەردەوامی ئاوی خواردنەوە بوون لەدوای کۆنترۆڵکردنەوەی وێستگەی عەلووک لەلایەن هێزەکانی تورکیا لە ساڵی 2019، لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا 35 جار ئاو لە شارەکە و گوندەوارەکانی بڕاوە.

عیسا یونس، هاوسەرۆکی بەڕێوبەرایەتی ئاو لە حەسەکە، بە نۆرس پرێسی راگەیاند، “دوای چوار رۆژ لە گەیشتنی ئەو بڕە ئاوەی لە وێستگەی بیری عەلوکەوە دێت بۆ وێستگەی حەما، پرۆسەی پەمپکردنی ئاو بەرەو وێستگەی ئاوی عەلوک بەڕێوەدەچێت”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “بڕی پەمپکردنەکە زۆر لاوازە، بەپێچەوانەی ئەوەی لەسەرەتای مانگی رابردوو رێککەوتنی لەسەر کرا، ئەویش ئەوەیە کە بڕیارە 19 بیری ئاو بەلایەنی کەمەوە 4 پەمپی ئاسۆیی لە کۆی 12 پەمپ کارپێبکرێت”.

رێکخراوی “یونیسێف” دەستوەردانی کردبوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئاو لە حەسەکە و پەیوەندی بە لایەنی تورکیاوە کردبوو و رێککەوتن لەسەر ئەوە کرا لە بەرامبەر ئەوەی بەرێوبەرایەتی خۆسەر کارەبا بە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی تورکیا لە باکووری حەسەکە بدات.

یونس ئاماژەی بەوەشکرد کە “ئەو دەستوەردانەی کە لەسەر هێڵەکانی ئاو و کارەبا لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی تورکیا دروست بوون، کە پێش کارپێکردنی وێستگەکە رێککەوتنی لەسەر کرابوو بەتەواوی لاببرێت، تاوەکو ئێستاش بەردەوامە”.