بەڕێوبەری خۆسەری دیمەشق بە ئاستەنگ دروستکردن تۆمەتباردەکات لەبەردەم گێڕانەوەی هاوڵاتیانی سوریا و رۆژئاڤا لە سودانەوە
قامشلۆ – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ هەینی، بەڕێوبەری خۆسەری رۆژئاوای کوردستان، دیمەشقی تۆمەتبار کرد بەوەی کە ئاستەنگ بۆ گێڕانەوەی هاوڵاتیانی سوریا و رۆژئاوای کوردستان دروست دەکات کە لە سودان گیریان خواردووە، سودان زیاتر لە مانگێکە جەنگێکی خوێناوی بەخۆوە دەبینێت و بەهۆیەوە سەدان کەس گیانیان لەدەستداوە.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، دیمەشق مەرجی “مەحاڵ” دەسەپێنێت، ئەمەش رێگری لە رێکخستنی گەشتی زیاتر بۆ گێڕانەوەی هاوڵاتیانیان لە سودانەوە و گێڕانەوەیان بۆ ناوچەکانیان کردووە.
دوو رۆژ لەمەوبەر بەڕێوبەری خۆسەری گێڕانەوەی 369 کەسی خەڵکی رۆژئاوای کوردستانی لە سودانەوە راگەیاند، ئەوەش لە ڕێگەی سێ گەشتەوە کە لەلایەن فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەوە رێکخرابوو.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە بەڕێوبەری خۆسەر لەگەڵ کۆمپانیای “شام وینگس” رێککەوتووە بۆ گێڕانەوەی گیرخواردوان، بەڵام “دەسەڵاتدارانی دیمەشق دەستوەردانیان کردووە و رێگرییان لە کۆمپانیاکە کردووە لەوەی گەشتی زیاتر رێکبخات”.
لە بەیاننامەکەدا دیمەشق بە “پراکتیزەکردنی چەواشەکاری میدیایی” تۆمەتبار کراوە، خۆسەری رایگەیاندووە، “بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی سوریا بانگەشەی ئەوەی کردووە کە توانیویانە دوو گەشتی بێبەرامبەر لە رێگەی “شام وینگس”ەوە بۆ ئەو کەسانەی گیریان خواردووە دەستەبەر بکەن، لە کاتێکدا بەڕێوبەری خۆسەری ئەم گەشتانەی رێکخستووە.”
بەڕێوبەری خۆسەری “رژێمی سوریا”ی بە بەرپرسیار زانی لە ئاستەنگ دروستکردن بۆ گەڕانەوەی سورییەکان، داوای گەرەنتی و ئاسانکاریان بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی سوریا بۆ زێدی خۆیان کرد.