ئەمریکا رێگە بە ژەمی دووەمی ڤاکسین دەدات دژی “هەوکردنی بۆرییەکانی هەناسە”
هەولێر – نۆرس پرێس
بەڕێوەبەرایەتی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی، ڤاکسینی دووەمی پەسەند کرد، کە لەلایەن تاقیگەی فایزەرەوە پەرەی پێدراوە، دژی ڤایرۆسی کۆئەندامی هەناسەدان کە بەرپرسە لە هەوکردنی بۆری هەناسە، ئەمەش دوای مانگێک لە پەسەندکردنی یەکەم ڤاکسین.
لە سەرەتای مانگی ئایاردا، بەرێوبەرایەتی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا ڤاکسینی “Arixvi”ی پەسەند کرد کە لەلایەن تاقیگەکانی “GSK”ی بەریتانیاوە پەرەی پێدراوە، کە یەکەم ڤاکسینە لە جۆری خۆی لە جیهاندا.
بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی فرانس پرێس، ڤاکسینی “ئاریکسڤی” تەنها بۆ کەسانی بەساڵاچوو رێگەپێدراوە.
بڕیارە لە 21ی حوزەیران بەرپرسانی سەنتەری کۆنترۆڵکردن و خۆپاراستن لە نەخۆشییەکان، لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تەندروستی گشتی لە ئەمریکا کۆببنەوە و پێشنیارەکان بۆ بەکارهێنانی ڤاکسینی ڤایرۆسی کۆئەندامی هەناسەدان (RSV) لە کەسانی بەساڵاچوودا بخەنەڕوو.
ئەگەر ئەنجامەکانی ئەم کۆبوونەوەیە لەبار بێت بۆی، تاقیگەی فایزەر بەنیازە لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵدا ڤاکسینی “ئەپرێسۆ”ی خۆی بخاتە بازاڕەوە، واتە پێش پاییز.
هەروەها کۆمپانیای فایزەر داوای مۆڵەتی کردووە بۆ پەرەپێدانی ڤاکسینێک بۆ ژنانی دووگیان کە ڕێگە بە ڤاکسینکردنی منداڵانی بچووک بدات.
ڤایرۆسی کۆئەندامی هەناسەدان ڤایرۆسێکی باو و درمییە و دەبێتە هۆی هەوکردنی بۆرییەکانی هەناسە (هەوکردنی بۆرییە بچووکەکانی هەناسە) لە وەرزی زستاندا.
هەروەها کاریگەری لەسەر کەسانی پێگەیشتوو دەبێت، لەوانەیە مەترسیدار بێت بۆ کەسانی بەساڵاچوو کاتێک دەگۆڕێت بۆ هەوکردنی کۆئەندامی هەناسەدان (هەوکردنی بۆرییەکانی هەناسە یان هەوکردنی سییەکان).
بەگوێرەی ئاماری تەندروستی ئەمریکا، ئەم ڤایرۆسە دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی نێوان شەش بۆ 10 هەزار کەس لە ئەمریکا لە تەمەنی 65 ساڵ و سەرووتردا، هاوکات 60 هەزار بۆ 160 هەزار کەس لە نەخۆشخانە بەهۆی ئەم جۆرە نەخۆشییەوە لە نەخۆشخانە خەوێندراون.
هەروەها بەپێی ئامارەکانی ناوەندی کۆنتڕۆڵکردن و خۆپاراستن لە نەخۆشییە گوازراوەکان، ساڵانە 58 هەزار بۆ 80 هەزار منداڵی خوار تەمەن پێنج ساڵان رەوانەی نەخۆشخانەکان دەکرێن بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست.