یەکێتی دەرمانخانەکانی قامشلۆ: کۆگاکانی شیری کۆرپەلە تەنها بەشی 10 رۆژیان تێدایە
قامشلۆ – نۆرس پرێس
کامەران بەگ، سەرۆکی سەندیکای دەرمانسازان لە قامیشلۆی رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، “کۆگاکانی شیری کۆرپە لەو شارە تەنها بەشی 10 رۆژ دەکات”، بەهۆی داخستنی دەروازەی سێماڵکا – پێشخابوورەوە ، کە ناوچەکە بە هەرێمی کوردستانەوە دەبەستێتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، کامەران لە لێدوانێکیدا بۆ نۆرس پرێس، رایگەیاند کە داخستنی دەروازەی سێماڵکا کاریگەری زۆری لەسەر کەمبوونەوەی شیری کۆرپە لە قامیشلۆ بە گشتی هەبووە، هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە 90%ی جۆرەکانی شیر لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە دێن بۆ رۆژئاڤا.
ناوبراو رایگەیاند “بەردەوامی داخستنی دەروازەکە دەبێتە هۆی دۆخێکی کارەساتبار، رەنگە ئەو کۆگاکان تەنها بۆ 10 رۆژی داهاتوو بەش بکات”، ئاماژەی بە پێویستی دۆزینەوەی چارەسەرێک کرد پێش ئەوەی کار لە کار بترازێت.
پێشتر دەرمانسازێکی خەڵکی قامیشلۆ بە نۆرس پرێسی راگەیاندبوو، جۆرەکانی شیری کۆرپە، “نیدۆ، نیدۆ پڵەس، کیکوز، بەیبی لاک و دیالاک”، لە کاتی داخستنی دەروازەکەدا لە شارەکەدا کەمییانکردووە.
کامەران، بەشێک لە بازرگانەکانی بە قۆستنەوەی داخستنی دەروازەکە و دەستکاریکردنی نرخی شیر تۆمەتبار کردووە، بەو پێیەی قتویەکی شیری “Nan1” بە نرخی 80 هەزار لیرەی سوری دەفرۆشرێت، و شیری “کیکۆز” بەلایەنی کەمەوە 50 هەزار لیرە دەفرۆشرێت.
بە گوتەی سەرۆکی سەندیکاکە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ساڵانێکە ناوچەکە گەمارۆ دراوە، لە کاتێکدا دەروازەی سێماڵکا – پێشخابوور تاکە دەرچەی دەرەکییە بۆ ناوچەکە، نرخی ئەو شیرانەی کە لە رێگەی حکومەتی سوریاوە دەگات “بەرز”ە، بەمەش بارگرانی زیاتر لەسەر دانیشتوان دروست دەبێت.
سەرۆکی سەندیکای دەرمانسازانی قامشلۆ داوای لە بەرپرسانی لێپرسراوی دەروازەکە کرد، بە پرسی دەروازەی سێماڵکادا بچنەوە، بەهۆی کاریگەرییەکانی لەسەر دانیشتووانی سڤیل، بەتایبەت شیری کۆرپە، هاوکات داوای رەچاوکردنی ئەو دۆخە مرۆییەیش دەکات کە دانیشتوانی رۆژئاوای کوردستان بە هۆی داخستنی ئەو دەروازەیەوە پێیدا تێدەپەڕن.